خێزانە کەنەدیەکان لە ڕێگای گەڕانەوەیان بۆ ماڵەوە لە کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستانەوە

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

کەنەدا ئامادەکاری دەکات بۆ گەڕانەوەی کۆمەڵێک ژن و منداڵ کە لە کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستانەوە تاوەکو بۆ وڵاتەکەی خۆیان بگەڕێنەوە، بەگوێرەی میدیای کەنەدا لەسەر زاری پارێزەری ژن و منداڵەکان، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 5ی نیسانی 2023، ، تواندراوە 19 ژن و منداڵی بە رەچەڵەک کەنەدی کە گومان دەکرێت کەسوکاری چەکدارانی داعش بن دەستیان کردووە بۆ گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەی خۆیان.

مانگی کانوونی دووەمی 2023، وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا رازیبوو بە گەڕانەوەی شەش ژن و 13 منداڵەکانیان بۆ وڵاتەکە و ئەوکات وەزارەتەکە رایگەیاند هەڵسەنگاندن بۆ یارمەتیدانی بەندکراوەکانی دیکەش دەکات، چونکە تاوەکو ئێستاش لەسەر پرسی گەڕاندنەوەی چوار پیاوی زیندانیکراو کە پەیوەندییان بەو ڕێکخراوە توندڕەوەکە هەبووە لە سوریا مشتومڕی لەسەرە.

سەبارەت بە ژن و منداڵەکان، لۆڕێنس گرینسپن، پارێزەری بەرگری لە خێزانە کۆچبەرەکان ڕایگەیاندووە، ئەو ژن و منداڵانە لە ڕێگەدان بۆ کەنەدا.

بەڵام دەسەڵاتدارانی کەنەدا دەستبەجێ پشتڕاستیان نەکردەوە کە ئایا بەڕاستی لە ڕێگادان یان هێشتا لە کەمپی رۆژن و چاوەڕێی ڕێکارەکانی گواستنەوەیان دەکەن.

پارێزەر گرینسپۆن گوتی: ” قسەی لەگەڵ ئەندامانی جۆراوجۆری خێزانەکەیان کردووە لێرە لە کەنەدا و ئەوان بە تەواوی دڵخۆشن کە دوای سێ ساڵ و نیو دەگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە”.

ئەو پارێزەرە باڵایە ڕەتیکردەوە هیچ لێدوانێک لەسەر ئەوە بدات کە کەی و لە کوێ دەگەنە کەنەدا.

ئەو پارێزەرە بەرگری لە دایکێکی هەرێمی کوبێک و شەش منداڵی نێو یەکێک لە کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستان دەکات کە بە گوتەی خۆی، هێشتا روون نییە لەگەڵ ژن و منداڵەکانی دیکەدا دەگەڕێندرێنەوە یان نا.

 شەوی رابردوو، لە لایەن ژنەکەوە پەیوەندیی پێوەکرابوو و پێی راگەیێنرابوو کە ئامادەیە شەش منداڵەکەی ببردرێنەوە کەنەدا، بەڵام بەو مەرجەی خۆیشی لەگەڵیاندا بێت. 

بەڵام کەنەدا پێشنیاری گەڕاندنەوەی شەش منداڵەکەی بەبێ دایکیان کرد و تاوەکو ئێستاش دەسەڵاتداران دۆخی ئەمنییان هەڵدەسەنگێنن. بۆیە لەبەردەم دوو بژاردەی قورسدایە، یان ڕێگە بە منداڵەکانی بدات بە تەنیا بەرەو کەنەدا بڕۆن، یان لەگەڵیدا لە کەمپەکەدا بمێننەوە، لەکاتێکدا ئەو بژاردەی سێیەمی دەوێت، بە گەڕانەوە لەگەڵ منداڵەکان.

زۆرجار منداڵەکان لە کاتی گەیشتنیان لە ناوەندەکانی چاودێری تایبەت دادەنرێت، لەکاتێکدا ڕوون نییە کە ئایا هیچ کام لەو ژنانە دەتوانن ڕووبەڕووی تۆمەت ببنەوە یان ئامادەبن لە دادگا.

ئەمە ڕەنگە گەورەترین ئۆپەراسیۆنی گەڕانەوەی کەنەدایە کە تاوەکو ئێستا ئەنجامی داوە پاش شکستی داعش لە سوریا لەسەر دەستی دەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2019.

سەبارەت بەو پیاوە کەنەدیانەی لە سوریا پەیوەندییان بەو ڕێکخراوە کردووە و ئێستا لەوێ ڕاگیراون، هێشتا ڕێگەیان پێنادرێت بگەڕێنەوە، بەو پێیەی مشتومڕ لەنێوان داواکاری گشتی حکومەت و پارێزەرانی بەرگریدا هەیە لەسەر (لەگەڵ یان دژی) بریارەکەی دادگا بن کە پێشتر دەرچووە بۆ گەڕانەوە چوار پیاوی کەنەدی، لەنێویاندا “جاک لێتس”ی بەڕەچەڵەک بەریتانی-کەنەدی و وڵاتی بەریتانیاش مافی هاووڵاتیبوونی لێسەندەوە.