کوژرانی منداڵێکی سوری لە شاری کلیسی تورکیا

ئیدلیب – نۆرس پرێس

دوێنێ چوارشەممە، کوشتنی کچۆڵەیەکی سوری تەمەن 9 ساڵ، لەلایەن کەسێکی تورکەوە لە شاری کلیس لە باشووری تورکیا، دۆخی توڕەیی لێکەوتەوە، ئاماژەکان زیادبوونی کوشتنی هاوڵاتیانی پەنابەری سوری لە تورکیا پیشان دەدەن.

میدیاکانی تورکیا وردەکارییەکانی ئەو تاوانەیان بڵاوکردەوە، دوای ئەوەی تیمەکانی پۆلیسی تورکیا تەرمی ئەو کچە سورییەیان بە ناوی “غەنا مورجیم” دۆزیەوە کە تەرمەکەی فڕێدرابووە ناو بیرێکی ئاوەوە، لە ماڵێکی تەنیشت شوینی نیشتەجێبوونی خێزانەکەی، لە گەڕەکی ئۆکسلار لە شاری کلیس.

لە زاری سەرچاوەکانییەوە بڵاوکرایەوە، ئەو منداڵە کە خێزانەکەی خەڵکی شارۆچکەی حریتانن لە گوندەواری حەڵەب، دوو ڕۆژ لەمەوبەر بێسەروشوێن بووە، لەکاتی گەڕانەوەی لە قوتابخانە لەگەڵ هاوپۆلەکانی بۆ گەڕەکەکە.

دوای ئەوەی هەواڵی دیارنەمانی ئەو کچە بڵاوکرایەوە، تیمەکانی پۆلیس گەڕانێکی بەرفراوانیان لە ناوچەکەدا ئەنجامدا، بەجۆرێک لە کامێرای چاودێریدا کچەکە دەرکەوت کە دەچێتە ناو کوچەی ماڵەکەیەوە، دواتر کچەکە لە نزیک ماڵی تاوانبارەکە، دیار نامێنێت.

تیمەکان لەکاتی گەڕان بەناو ئەو خانووەی کە پێشتر باسمان کرد، تەرمی غەنایان دۆزییەوە کە پەتێک بە ملیەوە بەسترابوو، سەرەکەی تری بە پارچە خەڵوزێکی بەردینەوە بەسترابوو بۆ ئەوەی تەرمەکە لە ئاوی بیرەکەدا نوقوم بکات، کە قووڵیەکەی 12 مەتر بوو.

دوای ئەوەی تیمە ئەمنییەکان لە گەڕەکێکی شاری کلیس ئۆپەراسیۆنێکی بەدواداچوونیان ئەنجامدا، توانیویانە تۆمەتبار (H.B) دەستگیربکەن و لە ناوەندێکی دەستبەسەرکردن رایبگرن بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی پێویست، بەپێی میدیاکانی تورکیا.

هەندێک سەرچاوە ئاماژەیان بەوە کردووە کە تاوانبارەکە خاوەنی گوڵفرۆشێکە لە شاری کلیس، هەروەها کوڕی تاوانبارەکە پێشتر گەنجێکی سووری بە چەقۆ کوشتووە، بە گوتەی تەلەفزیۆنی ئۆپۆزسیۆنی سوریای.

10ی ئایار، گەنجێکی پەنابەری سووری خەڵکی شاری حەڵەب، لە هێرشێکی نوێدا لە شاری هاتای باشووری تورکیا، لەلایەن گەنجانی تورکیاوە بە چەقۆ کوژرا.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: فنسە تەمۆ