ماڵی ئێزدیەکان بەیاننامەیەک بڵاودەکاتەوە

قامشلۆ – نۆرس پرێس

 ڕۆژی چوارشەممە، ماڵی ئێزیدییەکان لە ناوچەی جزیرە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سووریا بەیاننامەیەک بڵاودەکەنەوە تێیدا ئیدانەی سەپاندنی ئایینی ئیسلامی بەسەر ئێزیدییەکان لە شاری عەفرین دەکات.

بەیاننامەکە لە گوندی قەزلەجۆخ سەر بە شاری عامودە لە ڕۆژئاوای قامشلۆ لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا خوێندرایەوە.

لە بەیاننامەکەدا، باسی ئەو ڕووداوانەی کە لە شاری عەفرین و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی تورکیا روویانداوە دەکرێت، کە دوایینیان سەپاندنی ئاینی ئیسلام بووە بەسەر ئێزیدییەکان لە عەفرین.

لەو بەیاننامەیەدا هاتووە، ئەم ڕووداوە لەلایەن گرووپە تیرۆریستییەکانی سەر بە تورکیای داگیرکەرەوە نامۆ نیین.

ئەم بەیاننامەیە لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆ کلیپێک هاتووە کە لە سۆشیال میدیا بڵاوکراوەتەوە، تێیدا لەشاری عەفرین شێخێک لەنێوان دوو ئێزدیدا دەردەکەوێت کە شەهادەی ئیسلام بۆ ئەو دوو ئێزدییە دەخوێنێتەوە.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم کارە تاوانکارییانە یەکەمجاریان نییە کە لە بەرامبەر دانیشتوانی ناوچە داگیرکراوەکانی عەفرین ئەنجام دەدرێن، بەڵکو گروپەکانی سەر بە تورکیا ماڵەکانیان سووتاندووە و دار زەیتونیان بڕیوە و منداڵەکانیان ڕفاندووە و گۆڕی ئێزیدییەکانیشیان لە عەفرین هەڵکەندووە.

ماڵی ئێزیدییەکان داوا لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات کە ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن و دەستوەردانێکی خێرا و بەپەلە بکەن بۆ ڕێگریکردن لەو پێشێلکاریانەی کە لە بەرامبەر ئێزیدییەکان و دانیشتوانی دیکە ئەنجام دەدرێن.

ئامادەکردنی: نالین عەلی – داڕشتنەوە: سەعەد یازچی