ئەنجومەنی وەزیران ڕێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ تاوتوێ دەکات

هەولێر – نۆرس پرێس

 سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دەستخۆشی لە شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم کە توانیان ئەم ڕێککەوتنە بە ئەنجام بگەیەنن بەبێ ئەوەی سازش لە سەر هیچ مافێکی دەستووری هەرێمی کوردستان بکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەبینای ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا، لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران تیشکی خستە سەر ئەنجامی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران بۆ بەغدا و واژۆکردنی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.

سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە دا کە ئەم ڕێککەوتنە، دەسکەوتێکی گرنگە و هەنگاوێکی دیکەیە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ. سەرۆک وەزیران دەستخۆشی لە سەرۆک وەزیرانی فیدرال محەمەد شیاع سوودانی کرد بۆ هەوڵ و کاکردنی لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ.

سەرۆک وەزیران هەروەها دەستخۆشی لە شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە توانیان ئەم ڕێککەوتنە بە ئەنجام بگەیەنن بەبێ ئەوەی سازش لە سەر هیچ مافێکی دەستووری هەرێمی کوردستان بکەن.

سەرۆک وەزیران ڕوونیشی کردەوە کە دوای ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوو، بەرپرسانی حکومەتی فیدرال، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانیان بڕی، هەرێمی کوردستان ناچاربوو نەوت هەناردە بکات و ڕێکارەکانی هەناردەکردنی نەوتیش یاسایی و دەستووری بوون و لە چوارچێوەی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان ، حکومەتی هەرێم نەوتی هەناردە کرد.

سەرۆک وەزیران هیوای خواست، ڕێککەوتنەکە وەکوو خۆی و لە نزیکترین کاتدا جێبەجێ بکرێت و ببێتە بنەمایەکی باش بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای نەوت و گازی فیدراڵی.