وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا : لە کۆبوونەوەی چوار قۆڵی ئەمرودا ڕێککەوتن لەسەر درێژەدان بە پەیوەندییەکانی نێوانیان

دیمەشق – نۆرث پرێس

ئەمرۆ سێشەممە وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، ڕایگەیاند، جێگرانی وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیا، ئێران، سوریا و تورکیا لە میانەی کۆبوونەوە چوار قۆڵییەکان ڕێککەوتن لەسەر درێژەدان بە پەیوەندییەکانی نێوانیان.

وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند، لە ڕۆژانی 3 و 4ی نیسان لە مۆسکۆ کۆبوونەوەی چوار قۆڵی لە سەر ئاستی جێگرانی وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیا و ئێران و سوریا و تورکیا بەڕێوەچوو، ئامادەکارییەکان بۆ کۆبوونەوەی داهاتووی وەزیرانی دەرەوەی ئەو وڵاتانە تاوتوێ کران، و ڕێککەوتن لەسەر بەردەوامبوونی کۆبوونەوە و پەیوەندییەکانی نێوانیان.

ئاماژەی بەوەشکرد، تەوەری کۆبوونەوە چوارقۆڵییەکە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق دەبێت.

رۆژی دوشەممە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، ڕایگەیاند، زنجیرە ڕاوێژکارییەک لە مۆسکۆ بەڕێوەچوو، بۆ ئامادەکاری  کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیا، ئێران، سووریا و تورکیا.

ئاژانسی RIA Novosti ڕووسیا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە شاندەکانی ڕووسیا، تورکیا و ئێران بەشدارییان لە دانوستانەکانی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە مۆسکۆ کردووە، بەبێ ئەوەی کە ئاماژە بە ئامادەبوونی شاندی سووریا بکرێت.

ئامادەکردن و داڕشتنەوە: سەعەد یازچی