نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ژەنەرال ماركفارلن كۆدەبێتەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە ژەنیراڵ ماتيوو ماركفارلن فەرماندەی گشتیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و شاندێكی سەربازیی یاوەری كرد.

لە كۆبوونەوەیەكدا بە ئامادەبوونی كۆنسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان، ژەنیراڵ ماركفارلن سوپاسی نێچیرڤان بارزانی كرد بۆ هەنگاوەكانی یەكخستنەوەی پێشمەرگە و پرۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، هەروەها بۆ ڕێوڕەسمی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆی ڕاگەیاندنی دەستبەكاربوونی هەردوو فیرقەی (1) و (2)ی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا.

هەر لەو دیدارەدا باس لە گرنگیی پتەوكردنی هەماهەنگیی نێوان هێزەكانی هاوپەیمانان و هەرێمی كوردستان كرا لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و جەختیان لە بەردەوامیی هاوكاریی هاوبەش كردەوە بۆ تێكشكاندن و لەناوبردنی یەكجارەكی داعش.

هەردوولا، تاوتوێی گرنگیی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەتایبەت لە كێشەی نەوت و بودجەدا کردووە.