دوو فیرقەی پیادە لە وەزارەتی پێشمەرگە دەستبەکاربوون

هەولێر- نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، لە مەراسیمێکدا بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە درێژەی هەوڵەکاندا بۆ یەکگرتنەوەی سوپای پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، دوو فیرقەی پیادە لە وەزارەتی پێشمەرگە دەستبەکاربوون، کە ھەریەکەیان چوار لیوا و 1200  پێشمەرگە لەخۆدەگرن.

لە مەراسیمێکدا دەستبەکاربوونی ھەردوو فیرقەی یەک و دووی پیادەی پێشمەرگە راگەیاندرا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیش لەبارەی پێکھێنانی ئەو دوو فیرقەیەوە رایگەیاند، ھەریەکە لەو دوو فیرقەیە لە چوار لیوا و 1200 پێشمەرگە پێکھاتوون.

نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، دوو لیوای ھاوبەش لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ناوچە جێناکۆکەکان پێکھێندراون، کە لە بودجەی عێراقدا پارەیان بۆ تەرخانکراوە و دوای پەسەندکردنی بودجە ئەوانیش دەستبەکار دەبن.

ھەروەھا لیوا بەختیار محەمەد ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لە مەراسیمەکەدا رایگەیاند، ھەوڵ دەدەن بودجەیەکی سیادی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دابنێن و بەردەوامیش دەبن لە ھەماھەنگی لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکانی عێراق.

هێزی پێشمەرگە لەڕووی دابەشبوون و پێکهاتەی سەربازییەوە هاوشێوەی سوپای عێراقە، سوپای عێراق لە هەشت فەیلەق و 17 فیرقەی پیادە پێکدێت. بەپێی سیستمی سەربازیی عێراق، هەر فەیلەقێک لە چوار فیرقە پێکدێت و هەر فیرقەیەکیش لە چوار لیوا و هەر لیوایەکیش لە چوار فەوج و فەوجێکیش لە چوار سریە پێکدێت و هەر سریەیەکیش لە چوار گرووپ.

لە ساڵی 2010 تاوەکو ساڵی 2013 نزیکەی 42 هەزار پێشمەرگەی یەکەکانی 70 و 80 یەکخران و 14 لیوای هاوبەش دروستکراون، بەڵام دواتر شەڕی داعش، رووداوەکانی ئۆکتۆبەری 2017 پرۆسەکەیان پەکخست.

لە ساڵی 2018 جارێکی دیکە بە هاوئاهەنگیی هاوپەیمانان، پرۆژەیەکی 35 خاڵی بۆ یەکخستنەوەی پێشمەرگە راگەیێندرا.