دانوسانەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و دیمەشق لە مۆسکۆ دەستیانپێکرد
دیمەشق- نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە لە مۆسکۆی پایتەخت، لە چوارچێوەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق، دانوستانی سێ قۆڵی، بە پێی ئامرازە فەرمییەکانی رووسیا و دانوستانی چوار قۆڵیش، بە گوێرەی میدیاکانی حکوومەتی سوریا، دەستیپێکردووە.
بەپێی ئاژانسی “RIA Novosti”ی رووسیا، شاندەکانی فیدراسیۆنی رووسیا، تورکیا و ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە مۆسکۆ دەستیان بە دانوستانەکان کردووە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە شاندی سوریا بکەن.
ئاژانسه رووسییەکه راشیگەیاندووە: “تا ئێستا شاندەکانی بریکاری وەزیرانی دەرەوەی رووسیا، میکائیل بۆگدانۆڤ و راوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری سیاسی، عەلی ئەسغەر حاجی و بوراک ئاکشاپاری لە تورکیا، گه یشتوونەتە شوێنی کۆبوونەوەکە”.
دەستبەجێ باسی بەشداری شاندی سوریای نەکراوە، یان باسی ئەوە نەکردوە کە ئایا ئەم شاندانە بە سێ لایەنە دەمێننەوە، تا کۆبوونەوەی چوارلایەنەی دیکە ئەنجام دەدرێت.
لە لایەکی دیکەوە، دەزگای راگەیاندنی سەر بە حکومەتی سوریا “سانا” دەستپێکردنی “کۆبوونەوەی چوارقۆڵی”ی بە ئامادەبوونی یاریدەدەری وەزیرانی دەرەوەی سوریا، رووسیا، ئێران و تورکیای راگەیاند، لە میوانخانەی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە مۆسکۆ.
پێشتر وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاندبوو کە زنجیرەیەک گفتوگۆ لە مۆسکۆ بەڕێوەدەچێت، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ کۆبوونەوەی چوارقۆڵی دواتری وەزیرانی دەرەوەی چوار وڵاتەکە.