سەرۆکی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدات لە زیادبوون و فراوان بوونی چالاکیەکانی داعش

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە راگەێندراوێکدا هۆشداریدا لە فراوان بوونی هێرش و چالاکیەکانی داعش، هاوکات داوای هەماهەنگی زیاتری نێوان پێشمەرگە وهێزەکانی عێراق دەکات.

ئەم راگەێنراوەی بارزانی دوای ئەو هێرشانە هات کە شەوی رابردوو لەلایەن داعشەوە بۆ سەر هێزە چەکدارەکان و پۆلیسی فیدراڵی عێراقی لە بەغدا و دیالە و سەڵاحدین و کەرکوک، ئەنجامیاندا.

بەپێی راگەیەندراوێکەی سەرۆکی هەرێم، هێرشەکانی ئەم دواییەی رێکخراوەکە بووە هۆی کوژرانی 7 کەسی مەدەنی و سەربازی و برینداربوونی نزیکەی 20 کەسی دیکە.

بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هێرشانە “مەترسییەکی راستەقینە” دروست دەکەن.

بارزانی “داعش و فراوانبوونی هێرشەكان”ی بە “هەڕەشەیەكی راستەقینە” بۆ سەقامگیری هەموو عێراق زانی، كە دەبێت بە هەند وەربگیرێت و بە توندی وەڵام بدرێنەوە.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا بارزانی داوای روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی داعش كردووه‌، به‌ ئه‌نجامدانی هاوكاری زیاتر له‌ نێوان سوپا و هێزه‌ چه‌كداره‌كان و پێشمه‌رگه‌ و ده‌سته‌ی ئاسایشی عێراق و هه‌رێمی كوردستان.

هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌ گرنگی “به‌رده‌وامبوون له‌ پاڵپشتییه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ بە داعش بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان” كرده‌وه‌.

راشیگەیاند، بارودۆخی ئەمنی و سیاسی عێراق پێویستی بە هاوكاری و هەماهەنگی هەیە لەنێوان هەموو هێز و لایەنە عێراقییەكاندا، ئاماژەی بە دۆخی سیاسی ئەو وڵاتە كرد، کە بە وتەی ئەو “هۆكاری ململانێ و ناسەقامگیری و زیادبوونی چالاكی رێكخراوەكەن”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر