وەزیری بەرگری ئیسرائیل: کاردەکەین بۆ دوورخستنەوەی ئێران و حیزبوڵا لە سوریا
دیمهشق – نۆرس پرێس
ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، یواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، وڵاتەکەی کار بۆ دوورخستنەوەی ئێران و حیزبوڵڵا لە سوریا دەکات و رێگە نادات تاران هەڕەشە لە ئیسرائیلییەکان بکات.
گاڵانت لە لێدوانەکانیدا لە میانی سەردانێکی مەیدانیدا بۆ یەکێک لە لیواکانی هێزەکانی ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە کە “ئیسرائیل کار بۆ دوورخستنەوەی ئێران و حیزبوڵا دەکات لە سوریا و رێگەیان پێنادات زیان بە ئیسرائیلییەکان بگەیەنن”.
گاڵانت گوتی: “ئێمە لە هەموو لایەنەکانەوە لە دڵەراوکێداین، ئێمە ئەوە دەبینین کە ئێرانییەکان باڵ و لایەنگرانی خۆیان دەنێرێت بۆ شارەکانی یەهودا و سامەرا (کەناراوەکانی رۆژئاوا) هەروەها بۆ سنوورەکانی لوبنان و سوریا و غەزە”.
ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد، ئێران هەوڵ دەدات لە سوریا جێگیر بێت و هەوڵ دەدات ئۆپەراسیۆن لە دژی ئێمە ئەنجام بدات، ئێمە رێگە نادەین ئێرانییەکان و هاوئاهەنگەکانیان لە حیزبوڵا زیانمان پێ بگەیەنن، ئێمە لە رابردوودا رێگەمان بەم کارە نەداوە، لە ئێستاشدا رێگەی پێنادەین، لە داهاتووشدا رێگەی پێنادەین، لە کاتی پێویستدا گورزیان لێدەوەشێنین و لە سوریا دەریان دەکەین بۆ ئەو شوێنەی کە دەبێت لێی بن، ئەویش ئێرانە نەک ئێرە”.
پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران بە ئاڵۆزی ماوەتەوە و هەمیشە هەردوو وڵات یەکتر تۆمەتبار دەکەن بەوەی لە پشت هەر پلانێک، ئۆپەراسیۆنێک، یان بۆردومانێکەوەن کە ئەوان بکاتە ئامانج.
لە ماوەی ساڵانی رابردوودا هێرش کراوەتە سەر شوێنە هەستیارەکانی سەربازی و ئەتۆمی لە ئێران و تاران تەلئەبیبی بەوە تۆمەتبار کردووە کە لە پشتیانەوەیە.
هاوکات دوێنێ یەکشەممە، ئیسرائیل بنکە ئاسمانییەکانی لە حومسی ناوەڕاستی سوریا کردە ئامانج و ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند ناوچەکە پیگەی ئێرانییەکان و ئەندامانی حیزبوڵای لوبنان بووە، بەبێ ئەوەی لایەنی ئیسرائیلی بە فەرمی ئەمە پشتڕاست بکاتەوە.
سوپای پاسدارانی ئێرانیش رایگەیاند کە دووهەم راوێژکاریان، بەهۆی بۆردومانەکەی ئیسرائیلەوە لە دەوروبەری پایتەختی سوریا، گیانی لەدەستدا کە لە بەرەبەیانی رۆژی هەینی رابردوودا کرابوونەئامانج.