کەشتییەکی فریاگوزاری ئیماراتی لە بەندەری لازقییە وەستا

دیمەشق – نۆرس پرێس

ڕۆژی یەکشەممە کەشتییەکی فریاگوزاری ئیماراتی لە بەندەری لازقییە وەستا، کەشتیەکە 2215  تۆن کەرەستەی جۆراوجۆری خۆراک و فریاگوزاری هەڵگرتبوو.

هاوکارییەکان پێکهاتبوون لە کەرەستەی  فریاگوزاری، جل و بەتانی، دۆشەک، فەرش، چادر و هتد” هەروەها کەرەستەکانی بیناسازی و پێداویستی پزیشکیشی تێدابوو.

ئاژانسی فەرمی سانا بڵاویکردووەتەوە کە محەمەد کەعبی سەرۆکی شاندی مانگی سوری ئیمارات بۆ سوریا، ڕایگەیاند، ئەو کەشتییە درێژکراوەی ئەو هاوکارییە بەردەوامانەیە کە وڵاتەکەی لەڕێگەی پردی ئاسمانییەوە پێشکەشیان دەکات، هەر لەو کاتەی کە بوومەلەرزەکەی مانگی شوباتی ساڵی ڕابردوو ڕوویدا، بە ئامانجی پاڵپشتیکردنی گەلی سوریا لە قۆناغی چاکبوونەوەدا.

ماوەیەک بەرلەئێستا، عامر هیلال پارێزگاری لازقییە و عەبدولحەکیم نوعیمی، بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانەی ئیمارات لە دیمەشق، تاوتوێی ئەو پاڵپشتییەیان کرد کە لە بوارەکانی فریاگوزاریدا پێشکەش دەکرێن.

بەپێی ئاژانسی سانا لە دیدارەکەدا باس لە قۆناغەکانی گەیشتن بە جێبەجێکردنی خانووبەرەی بەدیل و پرۆسەکانی ئامادەکردنی ژێرخانی پارێزگاکە کراوە.

راپۆرتەکان، ئەو وڵاتانە تومەتبار دەکەن و ڕەخنەشیان لێ دەگرن کە لەدوای بومەلەرزەکەی سوریا هاوکارییەکانیان تەنها بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریا دەچن نەک ناوچەکانی دیکەی دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی سوریا.

ئامادەکردن و داڕشتنەوە: فازیڵ محەمەد