سەردانێکی چاوەڕوانکراوی بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا بۆ میسر

دیمه‌شق – نۆرس پرێس

رۆژی هەینی، 31ی ئازاری 2023، میدیا عەرەبییەکان بڵاویانکردەوە، ئامادەکاری بۆ سەردانێکی بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سوریا بۆ میسر کراوە لەمزوانەدا و دیدار لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی هاوتا میسرییەکەی لە ئارادایە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵی “الحدث”، لایەنی میسری و سوریا ئامادەکاری دەکەن بۆ کۆبوونەوەی نێوان سەرکردەکانی هەردوو وڵات، کە لە داهاتوویەکی نزیکدا لە قاهیرە ئەنجامدەدرێت.

کەناڵەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەسەد لە قۆناغی داهاتوودا، دوای جەژنی ڕەمەزان سەردانی میسر دەکات و سەردانەکەش ڕێکدەخرێت.

پێشتریش باس لەوە کرابوو کە فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سوریا ئەمڕۆ شەممە، 1ی نیسان، بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی 2011ەوە سەردانی پایتەختی میسر دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ سامح شوکری هاوتا میسرییەکەی.

ڕۆژی 27ی شوبات، سامح شوکری، وەزیری دەرەوەی میسر بە سەردانێک گەیشتە دیمەشق لە دوای بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی سوریا چاوی بە بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا کەوت.

سامح شوکری گوتی: “میسر ئامادەیە هەموو ئامرازەکانی پشتیوانی مرۆیی بۆ سوریاییەکان دابین بکات، هەروەها بەردەوام دەبێت لە پەیوەندییەکانی بۆ پشتیوانیکردنی هەوڵە مرۆییەکان لە سوریادا”.

ئاماده‌كردن و داڕشتنه‌وه‌ی – محه‌مه‌د قازی