دوای رەزامەندی پەرلەمانی تورکیا.. فینلەند ئامادەیە بۆ بەئەندام بوون لە ناتۆ
هێلسنکی – نۆرس پرێس
ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، پەرلەمانی تورکیا لە کۆبوونەوەیەکدا بۆ دانگدان لەسەر، ئەندامێتی فینلاندی لە هاوپەیمانی ناتۆ پەسەند کرد.
پرۆسەی دەنگدانەکە بە دەنگی بەڵێی 276 پەرلەمانتار بە ئەندامێتی فینلاند لە ناتۆ، بەرامبەر بە یەک دەنگی “نەخێر” کۆتایی هات.
دوای بڕیارەکەی پەرلەمان، یاسای پەسەندکردنی ئەندامێتی فینلاند لە ناتۆدا بە ڕەزامەندی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا واژۆ دەکرێت، پاش ئەوەش تورکیا نوسراوی رەزامەندی پیشاندان بۆ بەئەندامبوونی فینلەند لە ناتۆ دەنێرێت بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە واشنتۆن.
لە راگەێنراوێکدا، کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بە زمانەکانی فینلاندی و سویدی و ئینگلیزی بڵاوکراوەتەوە، سەرۆککۆماری فینلەند “ساولی نینیستۆ” سوپاسی هەر 30 وڵاتانی ئەندامی ناتۆی کردووە بۆ پەسەندکردنی ئەندامێتی فینلاند لە هاوپەیمانییەکە. دوای ئەوەی پەرلەمانی تورکیا ئەندامێتی فینلاند لە ناتۆی پەسەند کرد، “نینیستۆ” سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەکردن.
رایگەیاند، “دەمەوێت سوپاسی هەریەکێک (لە وڵاتانی ناتۆ) بکەم بۆ ئەو متمانە و پشتگیرییەی کە نیشانیانداوە، فینلاند هاوپەیمانێکی بەهێز و بەتوانا دەبێت، کە پابەندە بە ئاسایشی هاوپەیمانییەکەوە”.
سەرۆککۆماری فینلەند، وەک ئاماژەیەک بە وڵاتی سویدی دراوسێی، کە پێکەوە داوای بەئەندامبوونیان لە ناتۆ کرد و تا ئێستا تورکیا ئەندامێتی ئەو وڵاتەی قبوڵ نەکردووە، گوتی: “ئێستا فینلاند ئامادەیە پەیوەندی بە ناتۆوە بکات، هەروەک پێشبینی دەکەین سوید وەک ئەندامێک لە زووترین کاتدا بەشداریمان بکات.”
هەروەها سانا مارین، سەرۆکوەزیرانی فینلەند، بە هەرسێ زمانەکانی فینلەندی، سویدی و ئینگلیزی، سوپاسی وڵاتانی ئەندامی ناتۆی کرد بۆ پاڵپشتیکردنیان، “سوپاس بۆ هەموو وڵاتان بۆ پشتگیریکردنیان لەم پرۆسەدا، بەئەندامبوونمان لە ناتۆ ئاسایش و سەقامگیریە بۆ ئێمە و دەوروبەریشمان.”
سانا گوتیشی، “ئێمە بەرگری لە یەکتر دەکەین.”
لە هەمانکاتدا، سەرۆکوەزیرانی فینلەند پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ سوید وەبیرهێنایەوە، ” فینلاند لە ئێستادا و لە داهاتوودا لە گەڵ سوید وەستاوە و پاڵپشتی داواکاری ئەندامێتی ئەو وڵاتە دەکات لە هاوپەیمانی ناتۆدا.”