
هه‌سه‌ده داوا ده‌كات لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ له تاوانه ئه‌نجامدراوه‌كان له عه‌فرین بكرێت
ره‌قه-نۆرس پرێس
هێزه‌كانی سوریای دیموكراتی (هه‌سه‌ده) ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه داوایكرد لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ تۆپبارانی “ئۆردوگای ره‌حمه” له عه‌فرین و سه‌رجه‌م تاوانه ئه‌نجامدراوه‌كانی ناوچه‌كه بكرێت.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا كه ئه‌مڕۆ هه‌سه‌ده له سایتی خۆی بڵاویكردوه‌ته‌وه به‌ناوی “خستنه‌ڕوی راستییه‌كان” رایگه‌یاندوه، “هه‌ندێك له میدیاكانی لایه‌نگری توركیا به‌په‌له هێزه‌كانی ئێمه‌یان تۆمه‌تباركرد به تۆپبارانی ئۆردوگاكه‌ی عه‌فرین، به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌یه‌كی سه‌لمێنه‌ریان له به‌رده‌ستدا بێت.”
هه‌سه‌ده ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه، ناوچه‌كه له نیوه‌ی یه‌كه‌می مانگی ته‌موزه‌وه روبه‌ڕوی 950 هێرشی تۆپ و موشه‌ك بوه‌ته‌وه، زۆرترینی هێرشه‌كانی توركیا كراونه‌ته سه‌ر ناوچه‌كانی گونده‌واری حه‌ڵه‌ب و كه‌مپه‌كانی ئاواره‌یی كه سه‌ده‌ها هه‌زار راگوێزراوی عه‌فرین له خۆده‌گرن.”
هێزه‌كانی سوریای دیموكراتی ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، سه‌رجه‌م ئۆپراسیۆنه‌كان كه هێزه‌كانیان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، “له چوارچێوه‌ی به‌رگریكردنه له مافی ره‌وای به‌رگریكردن له خۆ و وه‌ڵامی ئه‌و تاوانانه‌یه دژ به خه‌ڵكی سیڤیل ئه‌نجامده‌درێت و له‌سه‌ر بنه‌مای میكانیزمه رێگه‌پێدراوه كۆكهكانه له‌گه‌ڵ یاسای نێوده‌وڵه‌تی.”