لە عەفرین گروپێکی چەکداری ئۆپۆزسیۆن هێز کۆدەکاتەوە
عەفرین – نۆرس پرێس
ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، فەیلەقی سێی سەر بە “جەیش وەتەنی” لایەنگری تورکیا، هێزەکانی خۆی لە دەوروبەری شاری ئەعزاز کۆکردەوە، ئەمەش دوای هەواڵی جموجوڵی ئەندامانی تەحریرشام (بەرەی نوسرەی پێشوو)، لە میحوەری گوندی قەتمە لە گوندەواری عەفرینی داگیرکراو، رۆژئاوای کوردستان.
سەرچاوەیەکی تایبەت بە نۆرس پرێسی راگەیاند، دوای ئەوەی هەواڵی بوونی چەکدارانی “تەحریرشام” لە گردی قەتمەی سەر بە قەزای شەڕان بڵاوکرایەوە، فەیلەقی سێ هێزەکانی لە شاری ئەعزاز و شارۆچکەی کفرجەنە لە گوندەواری عەفرین کۆکردوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، شاری ئەعزاز لە سەرجەم بازگەکانی دەوروبەریدا هۆشداری سەربازی بەخۆوە دەبینێ و بەدواداچوون بۆ ئۆتۆمبێلەکانی دەرچوون و چوونە ناو شارەکە دەکرێت.
ئەمەش دوای دەستێوەردانی “تەحری شام” دێت لە شارۆچکەی جندرێس، دوای شەهیدکردنی چوار هاووڵاتیی کورد لەلایەن ئەندامانی “جەیش شەرقیە”ی لایەنگری تورکیاوە، لەکاتێکدا ئاگری نەورۆزیان لەو شارۆچکەیە دادەگیرساند، بەم هۆیەوە ناوچەکە هۆشداریەکی سەربازی بەخۆوە بینیوە.