هەولێر- نۆرس پرێس
سەرکۆماری عێراق، لەتیف رەشید داوای لە پەرلەمانی عێراق کرد پەلە بکەن لە پەسەندکردنی یاسای نەوت و غاز و رایگەیاند “بەپەسەندکردنی یاساکە، کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا چارەسەر دەبن.”
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماریی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لەتیف رەشید لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی نەوت و غاز و سامانە سروشتییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران کۆبووەتەوە.
راشیگەیاندووە، لە میانی کۆبوونەوەکەدا، سەرکۆماری عێراق داوای کردووە کە پەلە بکرێت لە پەسەندکردنی یاسای نەوت و غاز، بەشێوەیەک کە زامنی ئەوە بکات عێراقییەکان بە یەکسانی و دادپەروەریی سوودمەندبن لە سامانی نیشتمانیی و رایگەیاندووە کە پەسەندکردنی یاساکە گرنگە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵیی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
لەتیف رەشید جەختی کردووەتەوە کە پێویستە پاڵپشتی لە پیشەسازی نەوت بکرێت، بەتایبەتی لە پڕۆژەکانی وەبەرھێنان لە کەرتەکانی پیشەسازیی غاز و پاڵاوتنی نەوت، ھەروەھا چارەسەرکردنی ئەو ئاستەنگانەی کە رووبەڕووی دەبنەوە.
ھەروەھا سەرکۆماری عێراق دووپاتی کردووەتەوە کە پێویستە پلانی باش بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان بە ئامانجی پەرەپێدان و باشترکردنی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت لە وڵاتدا دابنرێت، ھەروەھا کار بکرێت بە ئامانجی دۆزینەوەی میکانیزمێکی گونجاو بۆ سوود وەرگرتن لە سامانی نەوت و غاز.