پاش قەتەر.. لوبنان پشتیوانی دەسپێشخەرییەکەی ئوردن دەکات بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا

دیمەشق- نۆرس پرێس

دوێنێ سێشەممە، عەبدوڵڵا بوحەبیب، وەزیری دەرەوەی لوبنان، پشتیوانی خۆی بۆ دەستپێشخەرییەکەی ئوردن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا راگەیاند، داوای پشتیوانیی عەرەبی بەکۆمەڵی کرد کرد بۆ ئەو دەستپێشخەرییە کە سەقامگیری بۆ سوریا بگەڕێنێتەوە و لەو قەیرانە دەربچێت.

ئەو لێدوانەی بوحەبیب لە میانی دیدارێکی لەگەڵ ئەیمەن سەفادی هاوتا ئوردنیەکەی لە عەممان هات.

لە 21ی ئازاردا، ئەیمەن سەفادی، وەزیری دەرەوەی ئوردن، دەستپێشخەرییەکی بۆ دۆزینەوەی “چارەسەری سیاسی” بۆ قەیرانی سوریا راگەیاند، دەسپێشخەرییەکەی ئوردن بە ئامانجی گەیشتنە بە چارەسەری سیاسی بۆ ئەم قەیرانە، کە ئوردرن لەم قەیرانەی سوریادا زۆرترین زیانی بەرکەوتووە لە رووی ئابووری و ئەمنییەوە.

هەینی رابردوو قەتەر پشتیوانی خۆی بۆ دەستپێشخەریی ئوردن بۆ چارەسەر لە سوریا راگەیاند، کە لەسەر بنەمای رۆڵێکی راستەوخۆی عەرەبی لەگەڵ حکومەتی سوریا لە گفتوگۆیەکی سیاسیدا بەشداری دەکات بە ئامانجی چارەسەرکردنی قەیرانەکە و چارەسەرکردنی کاردانەوە مرۆیی و ئەمنی و سیاسییەکانی .

لە کاتێکی پێشتری دوێنێشدا، گوتەبێژی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، مەجید ئەلئەنساری رایگەیاندبوو، ” لە ئێستادا هیچ کۆدەنگییەکی عەرەبی لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ رژێمی سوریادا لەئارادا نییە”.

ئەلئەنساری گوتی: “هەڵوێستی قەتەر سەبارەت بە چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا نەگۆڕاوە”، ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵوێستی وڵاتەکەی روون و سەقامگیرە و کاریگەریی ئەو کارلێکانەی لەسەر نییە کە روودەدەن، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی “قەتەر خیانەت لە خوێنی قوربانیانی قەیرانی سوریا ناکات.”

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: سەعد یازچی