لە هێرشێكی چەكداریدا لە دیالە سێ ئەندامی یەک خێزان كوژران
هەولێر- نۆرس پرێس
شەوی ڕابردوو لە ئەنجامی هێرشێكی چەكداریدا لە پارێزگای دیالە سێ كەس كوژران، كە قوربانییەكان ژن و پیاو و منداڵێك بوون و سەرجەمیان ئەندامی یەك خێزانن.
سەرچاوەیەكی ئەمنی لە پارێزگای دیالە بە میدیا عێراقییەكانی راگەیاند، شەوی رابردوو لە شارۆچكەی خالسی سەر بە پارێزگای دیالە چەند چەكدارێكی نەناسراو هەڵیانكوتایە سەر ماڵێك و سێ ئەندامی خێزانێکیان لەو ماڵەدا كوشت، کە پێكهاتبوون لە ژن و پیاو و منداڵێك، سەرجەمیان ئەندامی یەك خێزانن.
بەگوتەی سەرچاوەئەمنییەکە، دواى رووداوەکە چەكدارەكان هەڵاتوون بۆ شوێنێكی نادیار، دواتر هێزە ئەمنییەكانی ناوچەکە دەستیان بەلێكۆڵینەوە كرد.
لەمدواییانەدا هێرشە چەكدارییەكانی سنوری پارێزگای دیالە زیادیانكردوە، چالاكوانان و كەساییەتیە دیارەكانی پارێزگاكە هۆشداری دەدەن بە حكومەت و داوای چارەسەركردنی كێشە ئەمنیەکانى دیالە دەكەن.