رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی: 170 هەزار هاوڵاتی سوری بەهۆی بومەلەرزەوە کارەکانیان لەدەستداوە

دیمەشق- نۆرس پرێس

دوێنێ سێشەممە، رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی ئاشکرای کرد، نزیکەی 170 هەزار هاوڵاتی سوری کارەکانیان لەدەستداوە لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزەیەی لە 6ی شوباتدا سوریای گرتەوە، هەروەها لە ئەنجامی ئەو زیانە زۆرەی لە ئابووری و بازاڕی کار کەوتووە بەهۆی جەنگ و ململانێی 12 ساڵەوە.

ماوریسیۆ بۆسی، بەرپرس لە رێکخراوی کار بە میدیاکانی راگەیاند: “بەهۆی بومەلەرزەکانەوە نزیکەی 154 هەزار خێزان واتە 750 هەزار کەس راستەوخۆ زیانیان بەرکەوتووە”.

بۆسی ئاماژەی بەوەشکرد، “نزیکەی 35 هەزار کۆمپانیای بچووک و مامناوەند لە سوریا کاریگەری بومەلەرزەکانیان لەسەر بووە.”

جیلبێرت هۆنگبۆ، بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی لە راگەێنراوێکدا گوتی: دابینکردنی هەلی کار بۆ وەڵامدانەوەی کاریگەر و هەمەلایەنە بۆ ئەم کارەساتە زۆر گرنگە.

ئاماژەی بەوەشکرد، “خەڵک تەنها لەو کاتەدا دەتوانن دەست بە ئاوەدانکردنەوەی ژیانیان بکەن کە بژێوی ژیانیان بەدەستبهێننەوە، هەروەها دەبێت دڵنیابین لەوەی کە بنەماکانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و کاری شایستە رەگ و ریشەی پتەویان لە پرۆسەی بوژانەوە و ئاوەدانکردنەوەدا داکوتاوە، بۆ ئەو کەسانەی کە لە بوومەلەرزەکەدا زۆر شتیان لەدەستداوە”. .

رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی هۆشداری دا لە ئەگەری زیادبوونی هەژاری و پەرەسەندنی کاری منداڵان، بەهۆی نەبوونی هاوکاریی بەپەلە و ئامانجدار.

هەروەها رێکخراوەکە باسی لە کاریگەرییەکانی بوومەلەرزە کردووە لەسەر تورکیا سەبارەت بە دەستی کار، بەو پێیەی بوومەلەرزەکە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی چالاکییەکانی کار بۆ نزیکەی 658 هەزار کەس، بەپێی خەمڵاندنەکانی ئەم دەزگایەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: سەعد یازچی