وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر: قەتەر خیانەت لە خوێنی قوربانیانی قەیرانەکانی سوریا ناکات

دیمەشق – نۆرس پرێس

ماجد ئەنساری وتەبێژی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، ڕایگەیاند، لە ئێستادا هیچ کۆدەنگییەکی عەرەبی لەسەر ئاساییکردنەوە پەیوەندیە دبلوماسیەکان لەگەڵ ڕژێمی سوریادا نییە.

ئەنساری لە درێژەی لێدوانەکانیدا بۆ ڕۆژنامەی قودس عەرەبی گووتی، هەڵوێستی قەتەر نەگۆڕاوە سەبارەت بە چارەسەرکردنی قەیرانەکانی سوریا.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵوێستی وڵاتەکەی ڕوون و پتەوە و هیچ کاریگەریەکی لەسەر نییە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی قەتەر خیانەت لە خوێنی قوربانیانی قەیرانی سوریا ناکات.

ڕوونیشیکردەوە، هیچ ئاماژەیەک بۆ گەڕانەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان دەوحە و دیمەشق لەئارادا نییە و ئەو بابەتەش تاوتوێ نەکراوە و هیچ بڕیارێکیش دەرنەچووە.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هەڵوێستی دەوحە لەمەڕ ئاساییکردنەوەی پەیوەندی عەرەبەکان لەگەڵ دیمەشق، رایگەیاند، پاڵپشتی هەوڵە عەرەبی و نێودەوڵەتییەکان لەو رووەوە دەدەین.

ماجد ئەنساری، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر وتی، قەتەر پشتیوانی لە هەموو ئەو دەستپێشخەرییانە دەکات کە ئامانجیان دۆزینەوەی ئاشتی هەمەلایەنەیە لە سوریا کە خواستەکانی گەلی سوریا بەدیبهێنێت.

ئامادەکردن و داڕشتنەوە: فازیل محەمەد