شاندێکى عێراق بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆسیەى هەناردەکردنی نەوت دەچێتە تورکیا
هەولێر – نۆرس پرێس
دواى بڕیارەکەى دادگاى نێودەوڵەتى پاریس لە بەرژەوەندى عێراق و دژ بە تورکیا، بڕیارە لەم رۆژانەدا شاندێکى عێراق بچێتە تورکیا و لەسەر دۆسیەى هەناردەى نەوت جارێکى دیکە و بەشێوازێکى نوێ رێکبکەونەوە.
دواى ئەوەى بە پشتبەستن بە بڕیارەکەى دادگاى پاریس، تورکیا هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستانی راگرت، بەپرسێکى باڵاى وەزارەتى نەوت بە رۆژنامەى شەرقولئەوسەتى راگەیاند، شاندێکی حکومەتی عێراق دەچێتە تورکیا و لەگەڵ بەرپرسانى وزەى تورکیا دیداریان دەبێت و جارێکى دیکە لەسەر هەناردەى نەوتى خاوى عێراق لە رێگەى تورکیاوە رێکدەکەونەوە.
بەرپرسەکەى وەزارەتى نەوت کە ناوەکەى ئاشکرانەکراوە، ئەوەشى وتووە کە لە رێککەوتنە نوێکەدا وابڕیارە هەناردەى نەوتى هەرێمی کوردستان تەنها بەپێى رێنماییەکانى کۆمپانیاى “سۆمۆ” بێت.
رێککەوتنەوەى تورکیا و عێراق دواى ئەوەدێت کە تورکیا بە فەرمى عێراقى ئاگادارکردووەتەوە کەوا پابەند دەبن بە بڕیارەکەى دادگاى پاریسەوە و هەناردەى نەوتى هەرێمی کوردستانی راگرت.