131-مین کاروانی سەربازی هاوبەشی رووسیا و تورکیا لە گوندەواری کۆبانێ
کۆبانێ- نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، پۆلیسی سەربازی رووسیا کاروانێکی هاوبەشی لەگەڵ لایەنی تورکیادا لە گوندەواری رۆژئاوای کۆبانێ ئەنجامدا، ئەوەش 131-مین کاروانە لەنێوان هەردوولادا لە ناوچەکەدا، لەدوای رێککەوتنی رووسیا و تورکیا لەسەر ئاگربەست لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا.
کاروانەکە پێکهاتبوو لە هەشت ئۆتۆمبێلی سەربازیی رووسیا و تورکیا بە یاوەری دوو هێلیکۆپتەری رووسی لە گوندی ئاشما لە رۆژئاوای کۆبانێوە بەڕێکەوتووە.
کاروانەکە بە گوندەکانی “جەرقولی فەوقانی، جبنە، بەیادییە”دا تێپەڕیووە، تا گەشتووەتە گوندی “زوورمەغار” کە دەکەوێتە دەرەوەی شاری جەرابوڵوس لە کەناری رۆژهەڵاتی رووباری فورات کە دوا گوندە لە رۆژئاوای کۆبانێ.
دوای ئەوەی کاروانەکە گەشتە گوندی “زوورمەغار”، بە ئاراستەی رۆژهەڵاتدا گەڕایەوە و بە گوندەکانی “بەیادیە، جابنە، مێشکوو، بێندەر، قەرەکوی تەهتانی، قولە، سووسان”دا تێپەڕی، تا گەشتە بازگەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە نزیک “ئیزاعە” لە رۆژئاوای شاری کۆبانێ.
دوای ئەوە، کاروانەکە گەڕایەوە بۆ خاڵی دەستپێکردنی لە گوندی ئەشما، بۆ ئەوەی بچنە ناو خاکی تورکیاوە، هاوکات ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی رووسیا گەڕانەوە بۆ وێستگەکەیان لە نزیک شارۆچکەی سەڕین، لە باشووری کۆبانێ.
لە بیستی مانگی ئازاردا پۆلیسی سەربازی رووسیا کاروانێکی بەبێ لایەنی تورکی لە گوندەواری رۆژهەڵاتی کۆبانی ئەنجامدا، بەهۆی نائامادەیی ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی تورکیا بۆ ئەو شوێنەی کە کاروانە هاوبەشەکەی لێ دەستیپێکرد لە گوندی غەریب لە رۆژهەڵاتی کۆبانێ.
لە سێزدەی مانگی ئازاری ئەمساڵدا، لایەنی رووسیا و تورکیا 130-مین کاروانیی هاوبەشیان لە گوندەواری رۆژئاوای کۆبانێ ئەنجامدا.