پەرلەمانی عێراق یاسای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و پارێزگاکانی پەسندکرد

هەولێر – نۆرس پرێس

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوای گفتوگۆیەکی زۆر، یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق، دەنگی لەسەر درا و هەموارکرایەوە.

سەرەڕای ناڕەزایی پەرلەمانتارانی سەربەخۆ و بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگیدا لەسەر ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەکان، بەگوێرەی یاساکەش دەبێت ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەسەر بنەمای سانت لیگۆی 107 پێش کۆتایی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.

راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەران بە زۆرینەی دەنگ ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاکانی پەسەندکرد کە لە 15 ماددە پێکھاتووە و تیایدا رێوشوێنەکانی تایبەت بە بەڕێوەچوونی ھەردوو ھەڵبژاردنەکەی دیاریکردووە.

70 پەرلەمانتاری سەربەخۆ و پەرلەمانتاری بەشێک لە فراکسیۆنەکان ناڕەزاییان دژی یاساکە دەربڕی و لەکاتی دەنگدان لەسەر ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن ھەوڵی راگرتنی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانیان دا، بەوھۆیەش سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ھەوڵیدا لەرێگەی ھێزی پاسەوانی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بیانکاتە دەرەوەی کۆبوونەوەکە.

لە راگەیێندراوێکدا شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بڵاوی کردەوە، “تەواوی ئەو بەربەستانەی لەبەردەم هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لابران و بۆ یەکەم جار لە دوای ساڵی 2003ـەوە، سەرژمێریی ساڵی 1957 دەکریتە بنەما بۆ دەستنیشانکردنی هاووڵاتییانی شارەکە”.

لەکۆبوونەوەکەدا کە 189 پەرلەمانتار ئامادەبوون و کۆی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکانی پەسەندکرا، بەگوێرەی ماددەی 2 و 6 و 7 یاساکەش دەبێت پێش 20ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەنجام بدرێت و بۆ خولەکانی داھاتووش پێویستە 45 رۆژ پێش کۆتاییھاتنی تەمەنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ھەڵبژاردن بکرێت.

یاساکە مەرجی خۆکاندیدکردنیشی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و پارێزگاکان دیاریکردووە، کە دەبێت تەمەنی کاندید لە 30 ساڵ کەمتر نەبێت و ھەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس بێت، ھەروەھا نابێت بە ھیچ سزایەکی تاوانکاری حکوم درابێت.

لە یاساکەدا ھاتووە، ئەنجومەنی نوێنەران لە 329 کورسی پێکدێت لەو ژمارەیەش 9 کورسی پشکی کەمینەکان دەبێت، ھەروەھا کۆتای ژنان بە 25% دیاریکراوە.