رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی كوردستانی عێراق دیاریکرا

هەولێر – نۆرس پرێس

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، گوتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، دڵشاد شەهاب رایدەگەیەنێت، بەپێی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005ی هەمواركراو كە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانی عێراقی دەركرد.

لەو فەرمانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، رۆژی

18/11/2023 وەكو رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاریكراوە.

لە خاڵی دووەمی فەرمانەكەی سەرۆكی هەرێمی کوردستاندا باسی ئەوە دەکرێت کە هەموو لایەنە سیاسیەكان پابەند دەبن بە ئەنجامدانی كاری پێویست بە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی بۆ جێبەجێكردنی ئەم فەرمانە.

هەروەها لە خاڵی سێیەمی ئەو فەرمانەدا ئاماژە بەوە دەکرێت كە ئەم فەرمانە لە رۆژی دەرچوونیەوە جێبەجێ دەكرێت.