بەسام سەباغ: گرووپە تیرۆریستییەکان ئاوی خواردنەوەیان وەک چەکی شەڕ لە حەسەکە بەکارهێناوە
دیمەشق – نۆرس پرێس
بەسام سەباغ، سەرۆکی شاندی سوریا لە کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان، رایگەیاند، گروپە تیرۆریستییەکان ئاوی خواردنەوە وەک چەکی جەنگ لە شاری حەسەکە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بەکاردەهێنن.
سەباغ وتیشی، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا گرووپە تیرۆریستیەکان لە پارێزگای حەسەکە ئاوی خواردنەوەیان بەکارهێناوە کە ئەمەش ئازارێکی زۆری بە خەڵکی ئەو ناوچەیە گەیاندووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بڕینی تەواوەتی ئاوی خواردنەوەی وێستگەی ئاوی عەلووک بۆ ماوەی زیاتر لە 70 ڕۆژ ، بووە هۆی بێبەشکردنی نزیکەی یەک ملیۆن هاوڵاتی شاری حەسەکە و ناوچەکانی دەوروبەری.
سەباغ ئاماژەی بەوەشکرد، شەڕی سوریا زیانێکی زۆری بە کەرتی ئاو گەیاندووە، بەو پێیەی کە ڕێژەی زیانەکانی کەرتی ئاو گەیشتووەتە 41% ، بەهای زیانەکانیش زیاتر لە 780 ملیۆن دۆلار تێپەڕی کردووە، کە سەرچاوەی ئاو و عەمبارکردن و پەمپکردن و دامەزراوەی دابەشکردنی ئاوی تێدایە.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا کەرتی ئاوەڕۆ بە ڕێژەی لەسەدا 60 زیانی پێگەیشتووە، بەو پێیەی بەهای زیانەکانیش 470 ملیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە و وێستگە سەرەکییەکانی پاککردنەوەی ئاوەڕۆی لەخۆگرتووە کە خزمەت بە زیاتر لە سەدا 75ی دانیشتووانی ناوچەکە دەگەیەنێت.
کۆنفرانسەکە لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بە سەرۆکایەتی ئیمام عەلی ڕەحمان سەرۆکی کۆماری تاجاکستان و وەلیم ئەلێکساندەر شای هۆڵەندا بەرێوەچوو و هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی جیاجیای وڵاتانی جیهانیەوە بەشداربوون.