سەنتەرەکانی ڕاهێنان شیاندنی پیشەیی و دەرفەتی کارى زیاتر بە ڕووی گەنجانی هەرێمدا دەکەنەوە
هەولێر – نۆرس پرێس
وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كار و ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تییەوە، كە نۆ سه‌نته‌ری ڕاهێنانی پیشه‌یی بۆ گەنجان و لاوان لەخۆ دەگرێت، هەلی كار بۆ گەنجی زۆر لە هەرێمی كوردستان دەڕەخسێنێت. لە دوو ساڵی ڕابردووش‌دا، سه‌رۆكی حكومه‌ت، بۆ ههرساڵێك 100 ملیۆن دیناری بۆ سه‌نته‌ره‌كان ته‌رخان كردووه و كاریش كراوە بۆ ئەوەی لە شارۆچكەی ئاكرێ و شارەدێی شۆڕش، ئەم سەنتەرانە بۆ خزمەتی زیاتری گەنجان بكرێنەوە.
کوێستان محەمەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، بە پێگەی فەرمیی حكومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند، دوو لەو سەنتەرانە له شاری هه‌ولێرن و هەر یەك لە سلێمانی، دهۆك، سۆران، زاخۆ، گه‌رمیان و راپه‌ڕین، یەكی سەنتەرێكیان تێدایە؛ ئه‌م سه‌نته‌رانه ساڵانه ڕاهێنان به كۆمه‌ڵێكی زۆر لە گه‌نجان ده‌كه‌ن و لەگەڵ ئەوەشدا لیژنه‌ی سه‌رپه‌رشتیی بازاڕی تێدایە، بۆ ئه‌وه‌ی بزانن له بازاڕ چ پیشه‌یه‌ك هه‌لی كاری زیاتری لەبەردەمدایە، بۆ ئه‌وه‌ی ڕاهێنانی ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌و پیشانه‌ی هه‌لی كار ده‌ڕه‌خسێنن یەك بگرێتەوە و ئێمەش بەو پێوەرە خوله‌كانیان بۆ بكه‌ینه‌وه.
وەزیری کار و کارۆباری کۆمەڵایەتی گوتیشی، ئێستا خه‌ریكی دروستكردنی سێ وهرشهین بۆ بابه‌تی شۆفاژ، له‌لای ئێمه‌وە به سه‌دان به‌شداربوو هەیە و باڵانسی جێنده‌رییش ڕاگیراوه بۆ فێربوونی ئه‌م پیشانه، و به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانمان 30%ی ئه‌وانه‌ی له سه‌نته‌ره‌كانمان ڕاهێنانیان كردووه، بوونه‌ته خاوه‌ن پیشه‌ی خۆیان.
ئاشکراشیکرد، پێشتر حه‌وت سه‌نته‌رمان هه‌بوو، له‌م كابینه‌یەدا لە ڕاپه‌ڕین و هه‌ڵه‌بجه دوو سه‌نته‌ری ترمان كردووه‌ته‌وه، هەروەها خه‌ریكی دامه‌زراندنی سه‌نته‌ری ڕاهێانی پشهیین له شۆڕش، لەگەڵ ئەوەشدا كار ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی له ئاكرێ سه‌نته‌رێكی ڕاهێنانی پیشه‌ییمان هه‌بێت.
کوێستان محەمەد راشیگەیاند، یاداشتێكی لێكتێگه‌یشتنمان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا واژۆ كردووە و هه‌روه‌ها دیبەیتێكی فراوانییشمان له‌و بارەیەوە لەناو وه‌زاره‌ت ڕێك خست، بۆ زیاتركردنی هه‌ماهه‌نگیی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بۆ ئه‌وه‌ی له داهاتوو وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی چۆن كۆلێژ و به‌شی تایبه‌ت به خوێندنی پیشه‌یی بكاته‌وه، بۆ ئەوەی لەلایەك كارەكانی ئەم بوارە پێش بكەوێت و زانكۆكانیش سوود له سه‌نته‌ره‌كانمان بۆ قوتابیان وەرگرن.
لەبارەی پێدانی قەرزی بچووک بە گەنجان، وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی گووتی، به‌رنامه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكومه‌ت هه‌یه بۆ پێدانی قه‌رزی بچووك له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا و له‌گه‌ڵ نووسینگه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت پلانیان داڕشتووە بۆ ئەوەی قه‌رزی بچووك بۆ گه‌نجان ڕابگەیێنن، ئەمەش هەلێك دەبێت لەبەردەم ئه‌وانه‌ی خوله‌كانی ناو ئەم سەنتەرانەیان ته‌واو كردووه، چونكه فێری پیشه‌یه‌ك بوون و جیاوازن له‌وانه‌ی هیچ پیشه‌یه‌ك نازانن.