بۆردومانی ئەمریکا و ئێران لە سوریا کوژراو و برینداری لێكه‌وته‌وه‌

دێرەزۆر – نۆرس پرێس

شەوی ڕابردوو تۆپباران لە نێوان سوپای پاسدارانی ئێرانی كه‌ له‌ ڕۆژئاوای ڕووباری فوراته‌وه‌ جێگیركراون، و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی له‌ بنکەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی فورات، له‌ دێرەزووری، ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕویدا.

سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ربازی سوپای پاسداران ڕایگه‌یاند، به یانی ئه مڕۆ شه‌ممه، له‌ئه‌نجامی بۆردوومانكردنی سێ بنكه‌ی سوپای پاسدارانی ئێران چه‌ندكه‌سێك كوژران و برینداربوون.

ڕاشیگه‌یاند، تۆپبارانەکان بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک بەردەوام بوو و ١٣ کەس کوژراون و برینداربوون.

ئاماژەی بەوەشکرد، بنكه‌ی “ته‌لایع” لە شاری دێرەزۆر کە گەورەترین بنكه‌ی مەشق و ڕاهێنانی سوپای پاسدارانی ئێرانی تێدایە و بارەگای پاسەوانی فاتمیونی ئەفغانستان و حزبوڵای لوبنان تێدایه‌ بۆردومان کرا.

ناوبراو باسی له‌وه‌ش کرد کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانه‌كانی ئه‌مریكا بارەگایەکی حزبوڵای لوبنانیان کردە ئامانج لە نزیک مەزارگەی عەین عەلی، لە ده‌شتی مەیادینی گونده‌واری ڕۆژهەڵاتی دێرەزۆر، هەروەها بنكه‌یه‌كی سوپای پاسدارانی ئێران لە جەرگەی شارۆچکەی ئەلبوکەمال بۆردومانكرا.

هاوکات گروپه‌كانی سوپای پاسدارانی ئێران وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌ بۆ ئه‌م هێرشه‌ بۆردومانی بنکەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییان لە کێڵگەی نەوتی عومەر لە گونده‌واری ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور و کێڵگه‌ی کۆنیکۆ لە نزیک شارۆچکەی عه‌زبای باکووری دێره‌زور كرد، ده‌نگۆی ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ كه‌ كوژراو و بریندار هه‌بێت له‌ ڕیزه‌كانی سوپای ئه‌مریكا.

هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، لە کێڵگە نەوتییەکانی عومەر و کۆنیکۆ، ئاماده‌كارییان كرد بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێک، ئەمەش لەکاتێکدایە کە هەلیکۆپتەر و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەسەر ڕووباری فورات ده‌سوڕانه‌وه‌.

دوێنێ هەینی، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە هێزەکانی هاوپەیمانان بنكه‌كانی سوپای پاسدارانی ئێرانیان بۆردومان کردووە، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە ئامانجگرتنی مۆڵگەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەلایەن گروپه‌ چه‌كداره‌كانی ئێرانه‌وە، کە بەهۆیەوە بەڵێندەرێکی ئەمریکی گیانی له‌ده‌ستدا و ژمارەیەک سەربازی ئەمریکی برینداربوون.

هەروەها لە بەیاننامەکەدا به‌ڵێنی وڵامدانه‌وه‌یدا لە کاتێكی نزیگ.

ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لە مووشەکەکان نزیکەی پێنج کیلۆمەتر لە دامەزراوەکە دوورکەوتووەتەوە و بەر ماڵێک کەوت و دوو ژن و دوو منداڵی برینداركرد.

جۆ بوچینۆ، وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی ڕایگه‌یاند: “ئەم جۆرە هێرشە مووشەکییە نەک هەر هێزەکانمان و هێزەکانی هاوپەیمانان دەخاتە مەترسییەوە، بەڵکو دانیشتوانی مەدەنیش ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ و ئاسایش و سەقامگیری سوریا و تەواوی تێكده‌دات.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنه‌وه‌ی: ئەحمەد عوسمان