کەسوکاری قوربانیانی شەوی نەورۆزی جندرێس داوای دادگایکردنی تاوانباران دەکەن
قامشلۆ – نۆرس پرێس
دوێنی پێنجشەممە، دانیشتوانی کورد و بنەماڵەی قوربانیانی شەوی نەورۆزی شارۆچکەی جندرێس لە گوندەواری عەفرین، داوای لێپێچینەوەیان لە تاوانباران و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە کرد، کە تیایدا پێنج هاوڵاتی کوردی رۆژئاوای کوردستان شەهیدکران، داواشیان کرد گروپەچەکدارەکانی سەر بە تورکیا لە ناوچەکانی عەفرین دووربخرێنەوە.
رۆژی دووشەممەی رابردوو ئەندامانی گروپێکی ئۆپۆزسیۆنی لایەنگری تورکیا لە ناحیەی جندرێس لە گوندەواری عەفرین بەهۆی داگیرساندنی بڵێسەی ئاگری نەورۆزەوە، چوار هاوڵاتی کوردیان کوشت و چەندانی دیکەیان بریندار کرد (پێنجەمیان دوای دوو رۆژ گیانی لەدەستدا)، بەم هۆیەوە لەو رۆژەوە تا ئەمڕۆ خۆپیشاندان بەردەوامە.
ئەو راگەێنراوەش دوێنێ لە راگەێنراوێکدا و لەبەردەم ئاپۆرەی ناڕەزایەتییەکی گەورەدا، لەبەردەم ماڵی قوربانییەکان لە شارۆچکەکە خوێندرایەوە.
راگەیەندراوەکەدا چەندین داواکاری لەخۆگرتبوو لەوانە “شەرمەزارکردن و سەرکۆنەکردنی ئەو تاوانە گڵاوە، داواکردن لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە هەڵوێستی روون و ئاشکرا بەرامبەر ئەو گروپەچەکدارانە و تاوانبارانی رووداوەکەی شەوی نەورۆزی جندرێس، بگرنەبەر”.
داواشیانکرد “تاوانباران و ئەوانەی لە پشتیانەوەن و ئەو لایەنەی نوێنەرایەتیان دەکات بخرێنە بەردەم دادگایەکی نێودەوڵەتی دادپەروەرانە، بۆ ئەوەی بە سزای دادپەروەرانە بگەن”.
گوتیشیان” دەبێت سەرجەم گروپەچەکدار و لایەنەکانی سەر بە تورکیا لە شار و گوند و شارۆچکەکانی ناوچەی عەفرین دووربخرێنەوە و بگەڕێندرێنەوە بۆ سەربازگەکانیان و بۆ بەرەکانی شەڕەکانیان، ئەگەر بیانەوێت لەگەڵ رژێم یان ئەوانی تر شەڕ بکەن”.
هەروەها داوای کردووە “هەموو موڵک و زەوی و کارگە و دوکان و ئەوانی تر، بگەڕێندرێتەوە بۆ خاوەنە راستەقینەکانیان، کە لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە”.
لە کۆتایی راگەێنراوەکەدا بانگەوازێک بۆ دەستەبەرکردنی “پاراستنی نێودەوڵەتی بۆ ناوچەی عەفرین و گەلەکەی، هەروەها گرێ سپی و سەرێکانێ بەرزکرایەوە”.