لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر ئیدانەی کۆشتنی هاوڵاتیانی کورد لە شاری جندێرس دەکرێت
هەولێر – نۆرس پرێس
لە هەولێر لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان، ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی ناڕەزایەتی دەردەبڕن.
لە سەروبەندی جەژنی نەورۆزدا، بە گولەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان لە شارۆچکەی جندێرس لە گوندەوارەکانی عەفرین لە باکوری سوریا ژمارەیەک گەنجی کورد کوژران بۆیە لە هەولێر ئیدانەی کۆشتنی ئەو گەنجانە دەکرێت.
نوێنەری پارت و ڕێکخراوەکانی هەرێمی کوردستان بەشداریان لەو ناڕەزایەتیەدا کردووە، لەوانە تەڤگەری ئازادی کوردستان، پارتی دیموکراتی پێشکەوتنخوازی کورد لە سوریا، ئەنجومەنی سەربەخۆکان لە سوریا، لیژنەی مافی مرۆڤ لە سوریا و گرووپێک لە چالاکوانانی مەدەنی.
مەحمود محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی یەکگرتووی دیموکراتی کوردستان لە سوریا، رایگەیاند، ئێمە کۆمەڵێک حزب و ڕێکخراوە مەدەنییە کوردییەکانی سوریاین، لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر کۆبوینەوە، بۆ ئیدانەکردنی ئەو کارە ترسنۆکانەیەی کە بووە هۆی کۆژرانی چوار هاوڵاتی کورد بۆیە داواکارین کە ناوچە کوردنشینە داگیرکراوەکانی سوریا لە ژێر پاراستنی نێودەوڵەتیدا بن.
محەمەد دەشڵێت، داواکارین فشار لە رژێمی تورکیا بکرێت کە سەرجەم چەکدارەکانی لە شاری عەفرین و شارۆچکەی جندێرس بکشێنێتەوە، و ئەو موڵکانەیشی کە لەلایەن کۆتلە چەکدارەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێندرێنەوە.
خۆپیشاندەران وێنەی قوربانیانی جندێرسیان بەرزکردووەتەوە، هەروەها دروشمیان بۆ کۆتایی هێنان بە داگیرکاری تورکیا بەرزکردەوە و ئیدانەی کۆشتنی کوردەکان لەلایەن لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی عەفرین دەکەن.
کۆمەڵێک ژنی گەنج بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکەدا کردبوو، لەوانە پەروین عەبدولفەرید کە هاوسۆزی خۆی بۆ خوشک و براکانی لە عەفرین دووپاتکردەوە و ئیدانەی کۆشتنی گەنجانی کورد دەکات.
لەو ناڕەزایەتیەدا بەشداربووان بەیاننامەیەکیان بە زمانی کوردی و عەرەبی خوێندەوە و پاشان بەیاننامەکەیان گەیاندە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر.
کاوە نادر چالاکوانی مەدەنی رایگەیاند، ئامادەبوونمان بۆ دووپاتکردنەوەی پشتیوانیە بۆ گەلەکەمان لە سوریا، هەروەها ئیدانەکردنی ئەو تاوانەیە کە لە سەروبەندی نەورۆزدا بووە هۆی گیان لەدەستدانی گەنجانی کورد، هەروەها بانگەوازێکە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تا دەستوەردان بۆ کۆتایی هێنان بە بوونی تورکیا لە عەفرین بکەن و هەروەها گەڕانەوەی خێزانە کوردەکانە بۆ سەر گوندەکانیان.
جێی باسە لە سەروبەندی جەژنی نەورۆزدا، پێنج گەنجی کورد کە هەموویان لە یەک بنەماڵە بوون، لەلایەن لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی سەر بە تورکیاوە تەقەیان لێکرا و گیانیان لەدەستدا.