ڕێککەوتنی سعودیە و سوریا بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و کردنەوەی باڵیۆزخانەکانیان
دیمەشق – نۆرس پرێس
رۆژی پێنجشەممە، سێ سەرچاوەی ئاگادار، ڕایانگەیاند، سعودیە و سوریا ڕێککەوتوون لەسەر کردنەوەی باڵیۆزخانەکانیان، ئەمە لە دوای 10 لە پچڕاندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوانیان هاتووە.
بەپێی ئاژانسی رویتەرز، ئەم رێککەوتنەی ئێستا لەنێوان سعودیە و سوریادا هەنگاوێکە بۆ ڕێگا خۆشکردنی گەڕانەوەی دیمەشق بۆ ناو ڕیزەکانی عەرەبی.
ئەم هەنگاوە دوای نزیکەی دوو هەفتە دێت لە بڕیاری ڕیاز و تاران کە بەنێوەندگیری چین ئەنجامدراوە بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان و کردنەوەی باڵیۆزخانەکانیان لە هەردوو وڵاتدا، ئەو رێککەوتنە لە دوای حەوت ساڵی گرژی نێوان هەردوو وڵاتدا هاتووە.
لە لێدوانێکی مانگی رابردووی فەیسەڵ فەرحان وەزیری دەرەوەی سعودیە، کە ڕایگەیاندبوو، کۆدەنگییەک لە جیهانی عەرەبیدا دروستبووە لەبارەی ئەوەی کە گۆشەگیرکردنی سوریا هیچ سوودێکی نییە و گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق لە هەندێک کاتدا پێویستە.
جێی باسە گەڕانەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ڕیاز و دیمەشق لەئێستادا بە گرنگترین پێشهات دادەنرێت، بەو پێیەی کە لە دوای دەستپێکردنی شەڕی سوریا لە ساڵی 2011دا ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی ڕۆژئاوای و عەرەبییەوە سوریایان بایکۆت کردبوو.