لە شاری قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستان نەورۆزی 2023 پیرۆز دەکرێت

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

گەلی کانتۆنی قامیشلۆ لە گوندی هیمۆی رۆژئاوای ئەو شارە جەژنی نەرۆزیان پیرۆزکرد و بەسەدان کەس بە جۆش و خرۆشەوە بەشداریان لەو نەورۆزەدا کرد، وەک ساڵانی رابردوو ئاگری نەورۆزیان داگیرساند و بەشاهی و گورانی جەژنەکەیان پیرۆزکرد.

هەروەها لە ناوەندی روشنبیری و هونەری محەمەد شێخۆ گرووپەکان بە شاهی و میوزیک بەشداریان لە ئاهەنگی نەورۆزدا هەبوو.

هونەرمەندان لە هەرێمی کوردستان و ئەوروپاوە بەشداریان لە نەورۆزی قامیشلۆدا کردبوو و بە گورانیەکانیان ئاهەنگەکەیان ڕازاندەوە و نەورۆزی رۆژئاوای کوردستانیان  پیرۆزکرد.

بەدیعە ئەمین هاوڵاتی شاری قامیشلۆ بە نۆرس پرێسی راگەیاند، جەژنی نەورۆز لە هەموو کەسێک پیرۆز دەکەم و بانگەوازی کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان دەکەم کە خۆیان بە خاوەنی کوردبوون بزانن.

هەروەها گوتیشی، ئەمڕۆ رۆژی ئێمەیە و دەرفەتمان بۆ ڕەخساوە بۆیە پێویستە بە ئازادی خۆمان بگەین و بێگومان کوردستانێکی ئازاد دروست دەکەین.

بەدیعا گوتیشی، هەموو نەتەوەیەکمان لە ئامێزگرتووە و ئەمڕۆیش نەوزۆری خۆمان پیرۆز‌ دەکەین چونکە جەژنی نەورۆز بۆ ئێمە پیرۆزە.

لە لایەکی ترەوە زۆزان ئیبراهیم کە خەڵکی کۆبانێیە بەڵام لەشاری قامیشلۆ دەژیت، رایگەیاند، جەژنی نەورۆزی 2023 لە گەلی کوردی رۆژئاوای کوردستان پیرۆز دەکەم، هەروەها ئەم جەژنە لە هەموو پێکهاتەکان پیرۆز دەکەم.

زۆران دەشڵێت، جەژنی نەورۆز جەژنی بوهار و ژیانە بۆیە هەموو کەس ئەم جەژنە پیرۆز‌ دەکات و خۆی تێدا دەبینێتەوە.

راشیدەگەیەنێت، بە هیوای ئەوەی کە جەژنی نەورۆزی 2023 جەژنی ئاشتی و یەکسانی نێوان گشت گەلان بێت.

محەمەد ئەمین هاوڵاتی قامیشلۆیە دەڵێت، بۆ پیرۆزبایی نەورۆزی 2023 ئێمە لە گوندی هیمۆی قامیشلۆ هاتووین، جەژنی نەورۆز لە هەر چوار پارچەی کوردستان پیرۆز‌ دەکەم.

هەروەها راشیگەیاند، نەورۆز لە هەموو گەلی کورد و پێکهاتەکان پیرۆزبێت، بەهیوای ئەوەی کە نەورۆزی هەموو ساڵێک بە خۆشی بێت.

رۆدینا عیسا بەرێوبەری کۆنگرەی ستاری کانتۆنی قامیشلۆ بە نۆرس پرێسی راگەیاند، سەرباری ئەوەی کە بەهۆی ئەو بارۆدۆخەوە ئێمە خەمناکین بەڵام نەورۆزی ئێمە بە بەرخودانەوە پیرۆز دەکرێت.

رۆدینا گوتیشی، ئێمە جەژنی نەورۆز لە هەموو شەرڤانانی ئازادی و گەلی کورد پیرۆ‌ز‌ دەکەین، بێگومان جەژنی نەورۆز لە گەلی عەفرین و سەرێ کانیێ کە لە نێو کەمپەکاندا دەژین پیرۆز دەکەین.

نەسرین قادر