ئاوارەکانی ناوچەی عەفرین لە شاری کۆبانی ناڕەزایەتییان دەربڕی

کۆبانی – نۆرس پرێس

ڕۆژی چوارشەممە، ئاوارەکانی ناوچەی عەفرین لە شاری کۆبانی، لەگەڵ کۆمەڵێک گەنج و ڕۆشنبیران و چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، لە گۆڕەپانی ژنانی ئازاد لە شاری کۆبانی، ناڕەزایەتییان دەربڕی.

ناڕەزایەتیەکە بۆ ئیدانەکردنی تاوانی گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن بوو لە عەفرین کە بووە هۆی کۆژرانی چوار هاوڵاتی مەدەنی کورد لە شارۆچکەی جندێرس لە سەروبەندی رۆژانی نەورۆزدا.

خۆپیشاندەران وێنەی چوار قوربانییەکەیان بەرزکردبووەوە، لەگەڵ لافیتەیەک کە لەسەری نووسرابوو، نا بۆ داگیرکاری تورکیا، نا بۆ گۆڕانی دیمۆگرافی لە عەفرین، داوای پاراستنی عەفرین لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەکەین، نا بۆ بەکرێگیراوان و تیرۆریستان، ئازادی بۆ عەفرین، ئازادی بۆ جندێرس.

هەروەها خۆپیشاندەران داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بە خێرایی دەستوەردان بکەن بۆ ڕزگارکردنی گەلی کورد لە جینۆساید.

ئیسماعیل شێخ محمد، یەکێک لە ڕێکخەرانی ناڕەزایەتیەکە بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، ئامانج لە ناڕەزایەتیەکە داواکردنە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ک دەستوەردان بۆ پاراستنی گەلی کورد لە عەفریندا بکەن.

شێخ محەمەد ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە بکوژانی گەنجانی کورد لە جندێرس لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و دادگایی بکرێن و ئەحرار ئەلشەرقیەش وەک فراکسیۆنی تیرۆریستی لەقەڵەم بدرێت.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، شێخ محەمەد ئاماژەی بەوەدا، کە دەبێت هەموو کوتلە چەکدارە تیرۆریستییەکان لە شارەکان دووربخرێنەوە.

ئامادەکردنی: فەتاح عیسا – داڕشتنەوە: سەعەد یازچی