ئەمریکا دژایەتی خۆی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەسەد نوێکردەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوێنێ ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا دژایەتی خۆی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سوریا نوێکردەوە، دوای ئەوەی لە ماوەی دوو ساڵدا دووەمین سەردانی بۆ ئیمارات ئەنجامدا.

ڤێدانت باتیل گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ رژێمی ئەسەد ئاسایی ناکەینەوە.

جەختیشی کردەوە کە ئیدارەی ئەمریکا هانی هیچ کەس نادات بۆ ئەنجامدانی ئەم ئاساییکردنەوەیە لە نەبوونی هیچ پێشکەوتنێکی راستەقینە بەرەو چارەسەری سیاسی.

ئاماژەی بەوەشکرد، داوا لە هەموو ئەو لایەنانە دەکەین کە پەیوەندییان بە دیمەشقەوە هەیە، راستگۆیانە بیربکەنەوە و بیر لەوە بکەنەوە کە چۆن بەشداریکردنیان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دابینکردنی پێداویستییەکانی سوریاییەکان لە هەر شوێنێکدا بژین.

یەکشەممەی رابردوو، سەرۆکی ئیمارات شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، پێشوازی لە بەشار ئەسەد کرد و دڵنیای کردەوە لە پێویستی گەڕانەوەی دیمەشق بۆ “چوارچێوە عەرەبیەکەی خۆی”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوە: محەمەد ئەلقازی