هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کوژرانی هاوڵاتیانی کورد لە ئاهەنگی نەورۆزدا بە “حاڵەتێکی دەگمەن” ناودەبات

قامشلۆ – نۆرس پرێس

دوای شەهیدکردنی چوار هاوڵاتی سڤیلی کورد لە جندرێس، لە گوندەواری عەفرین، لە شەوی ئاهەنگی نەورۆزدا، لەسەر دەستی ئەندامانی گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی دڵسۆز بۆ تورکیا، دوێنێ سێشەممە، هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا راگەێنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئەو رووداوە بە “حاڵەتێکی دەگمەن” ناودەبات، ئەمەش بە پشتگوێخستنی هەزاران پێشێلکاریی نێودەوڵەتیی بەڵگەدارە دژی بە هاوڵاتیانی کورد، دوای دەستبەسەرداگرتنی عەفرین و گاندەوارەکانی لە لایەن تورکیا و ئەو گروپەچەکدارانەوە.

رۆژی دووشەممەی رابردوو، ئەندامانی گروپێکی ئۆپۆزسیۆنی لایەنگری تورکیا، لە ناحیەی جندرێس لە گوندەواری عەفرین، بە هۆی هەڵکردنی ئاگری جەژنی نەورۆزەوە، چوار هاوڵاتی کوردیان کوشت و ژمارەیەکی دیکەیان بریندار کرد، رۆژێک دواتر ناحیەکە ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی بەخۆوەبینی کە تێیدا هەزاران هاوڵاتی کورد بەشدار بوون.

سەرچاوەیەکی تایبەت بە نۆرس پرێسی راگەیاندووە، “دانیشتوانی شارۆچکەکە ناڕەزایەتییەکیان دژی پشێوی ئەمنی شارۆچکەکە ئەنجامدا و داوای دەرکردنی چەکدارانی سەرجەم ئەو گروپانەیان کردووە”.

هاوپەیمانییەکە لە بەیاننامەکەیدا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە رووداوی کوشتنە بەکۆمەڵەکە کە لە جندرێس روویدا، “دەگمەنە و لەلایەن کەسانی چەکدارەوە ئەنجامدراوە”، هەروەها “ناوچە کوردنشینە ئازادکراوەکان بەبێ هیچ بەربەستێک ئاهەنگی نەورۆزیان تێدا ئەنجامدراوە”.

هاوپەیمانی بەڵێنیدا تاوانباران بگەیەننە ئەو شوێنەی کە ناویان لێناوە “دامەزراوە دادوەرییەکان” بۆ وەرگرتنی سزا، بەڵام چاودێران دەڵێن، ئەم هەنگاوە بۆ بێدەنگکردنی دەنگی شەقامە کە دژ بە گروپەچەکدارەکانی ناو عەفرین راپەڕیون.

دوای ئەوەی ناوچەکە ناڕەزایی بەرفراوانی بەرامبەر بە گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن بەخۆوەبینی، هاوپەیمانی راگەێنراوێکی دیکەی بڵاوکردەوە و پیرۆزبایی نەورۆزی کرد و رایگەیاند، بۆنەیەکی “کۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییە بۆ کورد”.

کورد لە هەموو بەشەکانی جیهان و لە ناوچەکە رەسەنەکانی خۆیان ئاهەنگی نەورۆز دەگێڕن و هێمایەکی نەتەوەییە و لەم یادانەدا هەمیشە گەلی کورد هەوڵی بۆ بەدەستهێنانی مافە سیاسی و ئیداریەکانی خۆی لە سوریا، تورکیا، عێراق و ئێران دەربڕیوە.

لەو کاتەوەی کە هێزەکانی تورکیا ناوچەکانی عەفرین، سەرێکانێ و گیرێ سپییان داگیرکردووە، کورد ناتوانێت بە ئازادی نەورۆز بگێڕێت، لە کاتێکدا لە ساڵانی رابردوودا کەسایەتییە ئۆپۆزسیۆنەکان کە لە مێژە کوردیان بە “سیفەتی چەوت” ناوبردووە، لە شانۆگەریە گاڵتەجاڕەکانیاندا دەرکەوتوون و بەگاڵتەجاڕییەوە گوتویانە لەگەڵ “برا کوردەکانیان” ئاهەنگ دەگێڕن.

ئامادەکردنی: فنسە تەمۆ – داڕشتنەوە: عەگید مشمش