ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەردۆغان و سوودانی لە ئەنقەرە

هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنێ سێشەممە، دوای دوو کاتژمێر و نیو لە کۆبوونەوەی نێوان شاندی عێراق و تورکیا، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ئەنقەرە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان سازکرد.

سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆنگرە رۆژنامەوانییە هاوبەشەکەیدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ڕایگەیاند، “سوپاسی گەلی عێراق و حکومەتەکەیان دەکەم کە لە کاتی کارەساتی بومەلەرزە وێرانکەرەکەدا لەگەڵمان وەستان، سەردانەکەی  سودانی بۆ ئەنقەرە بەڵگەی دۆستایەتی حکومەت و گەلی عێراقه‌ لەگەڵ تورکیا”.

ئەردۆغان گوتی: “لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیران پێداگریمان لە بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک پەکەکە، داعش و فەتۆ کرد. ئەم رێکخراوانە هەڕەشەی راستەوخۆن بۆ سەر هەردوو وڵات، چاوەڕوانی ئێمە لە برایانی عێراقی ئەوەیە کە پەکەکە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنن و خاکەکانیان لەو رێکخراوە تیرۆریستییە پاک بکەنەوە، دووپاتی دەکەمەوە تورکیا هەمیشە ئامادەی هەماهەنگییە لەگەڵ عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.” 

لە وەڵامدا سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی رێگه‌نادات له‌ خاكی عێراقه‌وه‌ هێرشبكرێته‌ سه‌ر توركیا، ئه‌ردۆگانیش وتی، فه‌رمانیكردوه‌ به‌ خێرایی ئاوی روباری دیجله‌ بۆ عێراق به‌ربدرێته‌وه‌.

لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی ئاو، ئەردۆغان گوتی: “پرسی ئاو بە ناکۆکی چارەسەر ناکرێت، بەڵکو بەهاوئاهەنگی و لێکتێگەیشتن دەبێت. درک بە پێویستی زۆری عێراقییەکان دەکەین بە ئاو، سەرباری ئەمەش تورکیا بەدەست کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا دەناڵێنێت و بەراورد بە 62 ساڵی رابردوو، کەمترین ئاستی ئاوی بەردەستە. بۆ نەهێشتنی تەنگەژەکانی عێراق بڕیارماندا بڕی ئەو ئاوەی کە لە رووباری دیجلەوە دەڕژێت، بۆ ماوەی مانگێک بەپێی توانا زیاد بکەین.”

لەبارەی پەرەدان بە پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانەوە، ئەردۆغان گوتی: “پار قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان 24 ملیار دۆلاری تێپەڕاند و ژمارەی پێوانەیی شکاند. دەتوانین ئەم قەبارەیە زۆر لەمە زیاتر فراوان بکەین. بۆ ئەمەش پێویستە ئەو سنووردارکردن و ئاستەنگانەی بەردەممان هەن هەڵبوەشێندرێنەوە.”

لە پەیامەکەیدا، ئەردۆغان جەژنی نەورۆزی لە هەموو گەلی عێراق پیرۆزکرد و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە بینینی پەرلەمانتارانی تورکمان لەنێو شاندی عێراقیدا.

لە بەرامبەردا، محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرەخۆشی و دڵگرانی خۆی ئاراستەی سەرۆککۆماری تورکیا کرد بەهۆی بوومەلەرزەکەی بەرەبەیانیی 6ی شوبات کە بەهۆیەوە زیاتر لە 50 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و گوتی: هەردوولایەنمان خواستی بەهێزمان هەیە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و بەرەوپێشبردنیان. 

سوودانی راشیگەیاند: پێداگریمان لە پەیوەندییە ئابوورییەکان کردەوە بۆ ئەوەی رەنگدانەوەی باشی لەسەر بنەمای پەیوەندییەکانمانەوە هەبێت بەتایبەتی لە روانگەی سیاسیی و ئابووریشەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، “فاکتەرە هاوبەشەکان لەگەڵ تورکیادا هەن”، رەزامەندی دەربڕیوە “لەسەر پێدانی دەسەڵات بە باڵیۆزی عێراق لە ئەنقەرە بۆ پێدانی ڤیزەی راستەوخۆ بە بازرگانان و وەبەرهێنەرانی تورکیا”.

ئەردۆغان لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی، لەگەڵ سوودانی تاوتوێی هەموو رەهەندەکانی پەیوەندییەکانیان کردووە و تیشکیان خستووەتە سەر پرۆژەی (رێڕەوی گەشەپێدان)، کە رێگەیەکی وشکانی و هێڵی ئاسنینە لە بەسرەوە تاوەکو تورکیا. جەختی لەوەکردەوە کە وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی راسپاردووە بۆ دەستکردن بەجێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە و گوتی: “ئەم پرۆژەیە هاوشێوەی رێگەی ئاوریشمی نوێ دەبێت و بەهۆیەوە ملیۆنان کەس لە هەردوو وڵات سوودمەند دەبن.”