لە جندێرس خەڵکی توڕەیی و ناڕەزایەتی  دەردەبڕێت

عەفرین – نۆرس پرێس

ڕۆژی سێشەممە لە گۆڕستانی جندێرس لەکاتی ناشتنی ئەو قوربانیانەی کەبەهۆی تەقەی چەکدارانی لایەنگری تورکیا لە ئێوارەی رۆژی دووشەممەدا کوژران،  دانیشتووانی جندێرس لە گوندەوارەکانی عەفرین لە باکوری سوریا ناڕەزایەتیان دەربڕی.

پەیامنێری نۆرس پرێس رایگەیاند، دانیشتوانی شارۆچکەی جندێرس لافیتەیان بەرزکردەوە و تێیدا ئیدانەی ئەو ناعەدالەتیە بەردەوامە دەکەن کە لە 5 ساڵی ڕابردوودا چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سەر بە تورکیا لەو ناوچەیەدا ئەنجامیان داوە.

ئاماژەیان بەوەشدا، لە نزیک گۆڕستانی جندێرس لەکاتی بەرێوەچوونی پرسەی ئەو قوربانیانە دانیشتووانی ناوچەکە باسیان لەوە دەکرد کە لە دوای کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچەیە لەلایەن لایەنگرانی تورکیاوە بەردەوام زوڵم  ناعەدالەتی بەرامبەر بە کوردەکان دەکرێت.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە دانیشتووانی کورد بە ڕوونی ئەوەیان ڕاگەیاندووە، دوای ئەوەی تورکیا ناوچەکەی داگیرکردووە ڕێگری لەوەکراوە کە ڕێوڕەسمی فێستیڤاڵەکانیان بەڕێوە ببەن، ئەوەی شەوی ڕابردوویش ڕوویداوە بە توندوتیژترین و زیانبەخشترین ساڵ بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو وەسفکراوە، کە لە سەروبەندی جەژنی نەتەوەیدا کوژراون.

جێی باسە بە هەزاران کەس لە دانیشتوانی شارۆچکەی جندێرس و گوندەوارەکانی دەوروبەری ڕژانە سەر شەقام و گۆڕەپانەکانی شارۆچکەکە و داوای لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە دەکەن کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 4 کەس و برینداربوونی کەسانی دیکە.

ئامادەکردنی: فاروق حەمۆ – داڕشتنەوە: سەعەد یازچی