رێکخراوەکانی سوریا داوای گەڕانەوەی دانیشتوانی عەفرین و راگرتنی شێواندنی دیمۆگرافی ئەو شارە دەکەن
قامشلۆ – نۆرس پرێس
دوێنێ یەکشەممە 118 رێکخراوی سوریا، داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە پێشێلکارییە بەربڵاوەکانی مافی مرۆڤ لە عەفرین رابگرن و لێپرسینەوە لەگەڵ تاوانباراندا بکەن و گەڕانەوەی هەموو خەڵک بۆ ناوچەی رەسەنی نیشتەجێبوونیان مسۆگەر بکەن و گۆڕانکاری دیمۆگرافی لەو شارە رابگرن.
ئەمەش لە راگەێنراوێکدا هات کە لەلایەن ناوەندی بەڵگەنامەی پێشێلکارییەکان لە باکووری سوریا بڵاویکردەوە، تیایدا باس لە دیارترین ئەو پێشێلکاریانەی کراوە کە رۆژانە خەڵکی رەسەنی عەفرین رووبەڕووی دەبنەوە، لەوان کوشتن، دەستگیرکردن و بێ سەروشوێنکردنی زۆرەملێ، هەڵسوکەوتی خراپ، ئەشکەنجە، تاڵانکردن و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی هاوڵاتییان.
لە راگەێنراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە “نەبوونی لێپرسینەوە لەو پێشێلکاریانە، ئەو ناوچەیە ناپارێزراو دەکات، هەروەها پابەندبوون بەو پێوەرانەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەڕانەوەی خۆبەخشانە، رەچاوناکرێت، بەو پێیەی نزیکەی 70%ی دانیشتوانی رەسەنی عەفرین هێشتا لە ساڵی 2018ەوە ناچار بە ئاوارەیی کراون”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “تورکیا بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر ئەو ناوچانەی لە باکوری سوریا داگیریکردووە، لەنێویاندا عەفرین، لە ئەستۆ نەگرت، بەو پێیەی هیچ رێوشوێنێکی راستەقینەی بۆ دەستەبەرکردنی پاراستنی هاوڵاتیانی سڤیل نەگرتە ئەستۆ، هەروەها گروپە چەکدارەکانی سەرپشک کرد کە ئیدارەی ناوچەکەی پێسپاردبوون بۆ پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ”.
لە راگەێنراوەکەدا ئاماژە بەو راسپاردانە کراوە، کە پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتووەکانی کراون، “وازهێنان لە فەرامۆشکاری و بێ بایەخی لە دۆخی عەفرین و ناوچەکانی دیکەی سوریا و رۆژئاوای کوردستان کە لەلایەن تورکیاوە داگیرکراون، داوا بکرێت کە حکومەتی تورکیا بەرپرسیارێتی خۆی لەئەستۆبگرێت، وەک دەسەڵاتێکی داگیرکەر بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان”.
لە بەشێکی دیکەدا داوایان کرد کە هێزەکانی تورکیا “واز بێنن لە بەسیاسیکردنی واقیعی رۆژانەی ئەو پێشێلکارییانەی کە خەڵکی سڤیل لە سەرانسەری باکوری سوریا رووبەڕووی دەبنەوە، بە نکۆڵیکردنیان و چاوپۆشیکردنیان، بە ئامانجی خۆدزینەوە لەوەی کە وەک هێزێکی داگیرکەر بناسێنرێن”.
شاری عەفرین و دەوروبەری لە مانگی ئازاری 2018ەوە لەژێر کۆنترۆڵی گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆندایە کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن.