هەولێر – نۆرس پرێس
بەرەبەیانى ئەمڕۆ دووشەممە، پەرلەمانى عێراق 6ى تشرینى دووەمى 2023ى وەک رۆژی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان پەسند کرد، ئەویش لە دەنگدانێکدا لەسەر حەوت مادەى پڕۆژەیاسای هەموارى یاساى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە کۆى 15 مادەى پڕۆژەکە دا و کۆبوونەوەکەیان بۆ رۆژى 25ى ئادار هەڵگرت.
بەگوێرەى ئەو مادانەى پەسندکراون، هەردوو هەڵبژاردنى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە پڕۆژەیاساکەدا کراون بە یەک و ژمارەى کورسییەکانى پەرلەمانى عێراق وەک خۆیان دەمێننەوە کە 329 کورسین و ژمارەى کۆتاى پێکهاتەکانیش گۆڕانکاریان تێدا نەکراوە کە 9 کورسییر.
بەشێکى دیکەى ئەو مادە و بڕگانەى پەسندکران تایبەت بوون بە شێوازى هەژمارکردنى دەنگەکان کە دەبێت لە سەرجەم بنکەکانى دەنگدان ژماردنى دەنگەکان بە دەستى و ئەلیکترۆنیش بێت، ئەگەریش ژمارەکان جیاواز بوون، ئەو کاتە پشت بە ژماردنى دەستى دەبەسترێت.
هەر بەگوێرەی پەسەندکردنەکەی پەرلەمان، پێویستە لەماوەى 24 کاتژمێردا، ئەنجامى بەرایی دەنگدانى تایبەت و گشتى لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە رابگەیێندرێت.