تۆپخانەکانی تورکیا سنووری بۆردومانەکانیان لە باکووری حەسەکە فراوان دەکەن

تەلتەمر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ، یەکشەممە، هێزەکانی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی دڵسۆزیان بۆردومانی تۆپخانەکانیان فراوانتر کرد و بۆ دووەم رۆژ لەسەریەک چەند گوندێکی گوندەواری شارۆچکەی تەل تەمر لە باکووری حەسەکە، رۆژئاوای کوردستان، بۆردومان کرد.

لە کاتژمێرەکانی سەرەتای سەرلەبەیانی ئەمڕۆوە تۆپخانەکانی تورکیا گوندەکانی ” ئەلتەویلە، تەل شنان، ئوم کیف، دەوروبەری بنکەی سەربازی روسیا، تەل جومعە و غیبیش، ئەلموجیبرە، باب ئەلخەیر، ئەلخەشمە” یان لە گوندەواری باکوور و ڕۆژئاوای شارۆچکەی تەل تەمر، بۆردومان کرد.

بە وتەی شایەتحاڵێک، بۆردومانەکە گوندەکانی “قەبر ئەلخەدراوی، تەل حرمل، ئەلئەسەدییە، موشێرفەزەرکان، تەل ئەلئەمیر، بەسیس، محەرمەلە”ی سەر بە شارۆچکەی رزکان کراونەتە ئامانج.

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری نۆرس پرێس لەزاری سەرچاوەیەکی ناوچەکەوە، بۆردومانەکە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دوو هاوڵاتی مەدەنی و برینداربوونی 9 هاوڵاتی تر.

سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی سەربازی تەل تەمر بە نۆرس پرێسی راگەیاند، هێزەکانی تورکیا سنووری بۆردومانەکانیان لە دەوروبەری شارۆچکەی تەل تەمر فراوانتر کردووە بۆ ئەوەی “تەل تەویلی ئاشووری و دەشیشە و سکرلئەحیمەر” بگرێتەوە، لەگەڵ بەردەوامبوونی بۆردومانەکە لە گوندەکانی موجیبرا و تەل شنان و ئوم کیف.

لە دوێنێوە هێزەکانی تورکیا بۆردومانەکانیان بۆ سەر گوندەواری شارۆچکەی تەل تەمر و ئەبو راسێن لە باکووری حەسەکە پەرەپێداوە، کە دوێنێ بەهۆی بۆردومانکردنی وێستگەکە لە نزیک گوندی ئوم ئەلکیف لە گوندەواری تەل تەمر بەتەواوی تەزووی کارەبایان بچڕان.

ئەم پەرەسەندنەی تورکیا لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانی ئەمڕۆوە هاوکاتە لەگەڵ هێرشێکی دیکەی هاوشێوە بۆ سەر گوند و شارۆچکەکانی گوندەواری باکووری حەلەب.

ئامادە و داڕشتنەوەی: رەهەف یوسف