هەڵسەنگاندنێکی نوێ بۆ زیانەکانی سوریا لە دوای بوومەلەرزەکەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

رۆژی شەممە بانکی نێودەوڵەتی هەڵسەنگاندنێکی نوێی بۆ زیانەکانی بومەلەرزەکەی سوریا بڵاوکردەوە، تێیدا پێشبینی دەکات کە بەرهەمی ناوخۆیی سوریا بە ڕێژەی 5.5% لە ساڵی 2023دا کەم ببێتەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا پێشبینی ئەوەش دەکرێت کە لە ئەگەری خاوبوونەوەی ئاوەدانکردنەوە و لاوازی وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت و نەگەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان ئابوری وڵات پاشەکشە بکات.

لەئەنجامی ئەو بومەلەرزەیە زیانە مادییەکان بە 3.7 ملیار دۆلار خەمڵێنراون، لە کاتێکدا زیانەکانی نزیکەی یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە، بەمەش کۆی بەهای زیانەکان گەیشتووەتە 5.2 ملیار دۆلار.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، کەرتی نیشتەجێبوون لە پێشەنگی لیستی کەرتە زیانلێکەوتووەکاندایە کە بەرێژەی 24% کۆی زیانەکانی پێکهێناوە. دواتر کەرتی گواستنەوە و ژینگە و کشتوکاڵ دێن کەزیانیان بەرکەوتووە.

هەروەها زیانێکی زۆر گەیشتووەتە کەرتی کشتوکاڵ، چونکە دابینکردنی خۆراک بە بڕی 1.3 ملیار دۆلار کەمیکردووە کە 83% کۆی زیانەکانی پێکهێناوە.

پارێزگای حەلەب زۆرترین زیانی بەرکەوتووە کە بەرێژەی 44% کۆی زیانەکان پێکهێناوە، زۆربەی زیانەکان بەر  کەرتی نیشتەجێبوون و پاشان کشتوکاڵ کەوتوون، لەدوای ئەویش پارێزگای ئیدلیب دێت کە بەڕێژەی 21% زیانی بەرکەوتووە.

بەپێی ئامارەکانی بانکی نێودەوڵەتی شاری حەلەب لە پلەی یەکەمی لیستی ئەو شارانەدا بووە کە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، لەدوای ئەویش شاری لازقیە بە ڕێژەی 12% و ئەعزازیش بە ڕێژەی 10% زیانەکان پێکهێناون.

ئامادەکردن و داڕشتنەوە: فازڵ محەمەد