یەکێتی ئەوروپا بۆ ئێران: گۆڕانکاری لە سیاسەتدا بکەن و رێز لە مافی مرۆڤ بگرن

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە، جۆزێپ بورێل، لێپرسراوی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە تویتێکدا بڵاویکردەوە، لەگەڵ حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان وەزیری دەرەوەی ئێران، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەنجامداوە و پێیڕاگەیاندووە، دەبێت کۆماری ئیسلامی ئێران گۆڕانکاری لە سیاسەتەکانیدا بکات، رێز لە مافی مرۆڤ بگرێت و کۆتایی بە پشتیوانییەکانی لە رووسیا بھێنێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “یەکێتی ئەوروپا خوازیاری ھاوکاری راستەقینەی ئێرانە لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم و جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەوەیەی کە لەمدواییەدا لە نێوان ئەو دوولایەنەدا ئیمزاکرا.”

ھاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، عەبدوڵاھیان بە بورێلی راگەیاندووە کە “پێویستە یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی رۆژئاوا لەبری دوپاتکردنەوەی تۆمەتی ناڕەوا، ھانی ئۆکراین بدەن بەڵگەی فەرمی سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی شاندە سیاسی و سەربازییەکانی تاران و کیێڤ بخاتەڕوو، بۆ ئەوەی بۆیان دەرکەوێت کە ئێران ھەمیشە خوازیاری ئاشتی و سەقامگیری بووە نەک جەنگ.”