عێراق..کوژرانی سێ ئەندامی داعش و دەستگیرکردنی حەوتی دیکە

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ چوارشەممە، هێزە عێراقییەکان دەستگیرکردنی حەوت ئەندامی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)یان لە ناوەندی وڵات و کوژرانی سێ ئەندامی دیکەیان لە بەغدای پایتەخت راگەیاند.

لە راگەیەندراوێکی دەزگای هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی لە وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە، ئەو حەوت ئەندامە لە پارێزگای سەڵاحەددین، لە ناوەندی وڵات دەستگیرکراون.

ئەرکەکانی ئەندامانی داعش جیاواز بوون، لە گواستنەوەی خۆراک، دانانی خاڵی پشکنینی ساختە، بەشداریکردنیان لە هێرشکردنە سەر هێزە ئەمنییەکان، و دابەشکردنی ئەوەی پێیدەڵێن “کەفالەت” بەسەر خێزانەکانی ئەندامانی “داعش”دا، بەگوێرەی راگەێنراوە ئەمنیەکە.

بەگوێرەی راگەێنراوەکەی دەزگای هەواڵگری، یەکێکیان لە “مەکتەبی زەکات” کاری کردووە، یەکێکی دیکەشیان قوتابی “ئیمامی مزگەوتەکان” بووە، یەکێکی دیکەشیان وەک “وتارخوێنی مزگەوت” کاری کردووە کە ئەرکی پێشکەشکردنی وتار و هاندان بووە لە بەرەنگاربوونەوەی هێزە ئەمنییەکاندا.

هاوکات، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، لیوا یەحیا رەسووڵ، کوژرانی سێ ئەندامی ئەو رێکخراوەی لە ناحیەی “تارمیە” لە باکووری بەغدا راگەیاند.

ئەو ئۆپەراسیۆنەی کە یەحیا رەسووڵ رایگەیاندووە، لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری ئەنجامدراوە، پاشان لە بۆسەیەکدا چالاکییەکە ئەنجامدراوە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر