گیانلەدەستدانی 27 و برینداربوونی زیاتر لە 4 هەزار کەس لە رێوڕەسمەکانی چوارشەممە سووریدا
هەولێر- نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە، جەعفەر میعادفەر، سەرۆکی رێکخراوی فریاکەوتنی خێرای ئێران، لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، لە رێوڕەسمەکانی چوارشەممە سووریدا 27 کەس گیانیان لەدەستداوە و 4095 کەسی دیکەش برینداربوون.
بەگوتەی جەعفەر، 222 کەس لە بریندارەکان ئەندامی لەشیان لەدەستداوە، 25 یان لە بەشی چاودێریی چڕدان، 1357 کەس زیان بەر چاویان کەوتووە و867 یان سووتاون.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی فریاکەوتنی خێرای ئێران، لە تاران 886 کەس، لە تەورێز 482 کەس و لە ورمێ 402 کەس بریندار بوون و ئەم سێ پارێزگایە پلەکانی یەکەم تاوەکو سێیەمیان لە ژمارەی بریندارەکاندا هەیە.
هەروەها بەپێی راپۆرتی زانکۆی زانستی پزیشکی کرماشان، لەو پارێزگایەدا 169 کەس بریندار بوون؛ فریاکەوتنی لوڕستان بریندار بوونی 77 کەس و زانکۆی زانستی پزیشکیی سنەش برینداربوونی 118 کەسی راگەیاندووە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رایانگەیاند کە دوێنێ شەوی سێشەممە خەڵک لە شارەکانی بۆکان، مەهاباد، پیرانشار، شنۆ، بانە، سەقز، دیواندەرە، سنە، مەریوان، جوانڕۆ، کرند، سەرپێڵی زەهاو، ئورمیە و کرماشان خۆپیشاندانیان کرد و لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزەکانی حکوومەت ئاڵۆزی دروست بوو.
هەر بە وتەی رێکخراوی هەنگاو، هاوکات لەگەڵ رێوڕەسمی چوارشەممە سووری، هاووڵاتییانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە وتنەوەی دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”، “شەهید نامرێت” و “مردن بۆ دیکتاتۆر” ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕیووە.
هەنگاو دەڵێ: لەم خۆپیشاندانانەدا هێزەکانی حکوومەت سەرەڕای بەکارهێنانی توندوتیژی و لێدان کوتان، راستەوخۆ تەقەیان لە هاووڵاتییان کرد و لە شاری سەقز کەڵکیان لە گازی فرمێسک رێژ وەرگرتووە.