ئیدلیب – نۆرس پرێس
دانیشتوانی گەڕەکی حلکۆ لە باشووری قامیشلۆ، گلەیی ئەوە دەکەن کە نزیکەی 15 رۆژە ئاوی خواردنەوەی گەڕەکەکەیان تێکەڵ بە ئاوەڕۆ بووە.
جاسم سەعید، دانیشتووی شەقامی “مەقبەرە” لە گەڕەکی حلکۆ گووتی، نزیکەی 15 رۆژە دەناڵێنن بەدەست تێکەڵبوونی ئاوی سەرەکی لەگەڵ سیستەمی ئاوەڕۆدا، دوای چاککردنەوەی بۆرییە سەرەکییەکانی ئاو.
ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم ئاوە منداڵانی گەڕەکەکەی ژەهراوی کردووە، روونیشیکردەوە کە ئاوەکە بۆنی ناخۆشی لێدێت و رەنگەکەی زەرد باوە.
دانیشتوانی دیکەی ئەو گەڕەکە دەڵێن، داواکارییەکیان پێشکەش بە شارەوانی قامیشلۆ کردووە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و پاراستنی بۆری ئاوەکان، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێکیان نەدراوەتەوە.
سەمیرە محەممەد، هاوسەرۆکی بەشی ئاوەڕۆی شارەوانی قامیشلۆ رایگەیاند، هیچ داواکارییەکیان لە دانیشتوانی گەڕەکەکەوە پێنەگەیشتووە سەبارەت بەم بابەتە، روونیشی کردەوە کە کێشەی تێکەڵبوونی ئاو یەکێکە لە کارە لەپێشینەکانیان، چونکە مەترسی زۆرە، بە گوتەی ئەو بەرپرسە، ئەوان راستەوخۆ تیمێک دەنێرن بۆ پشکنینی و دەستبەجێ دەست بە چاککردنەوەی دەکەن.