دابەزینی ئاستی رووباری فورات کاری کۆمەڵە کشتوکاڵییەکان پەکدەخات
دێرەزوور – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، بەرپرسێک لە دەستەی کشتوکاڵ و ئاودێری ئەنجومەنی مەدەنی دێرەزوور، رایگەیاند، دابەزینی ئاستی رووباری فورات کاری کۆمەڵە کشتوکاڵییەکانی پەکخستووە.
لە شوباتی 2020ەوە ئاستی رووباری فورات بەردەوام لە دابەزیندایە، ئەمەش لە ئەنجامی گلدانەوەی ئاوەکەی لەلایەن تورکیاوە، دابەزینی ئاستی رووباری فورات بووەتە هۆی وەستاندنی کارکردنی بەنداوی تشرین لە سەرەتای ئەم مانگەوە.
ئەحمەد ئەلسالم، هاوسەرۆکی دەستەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور رایگەیاند، کەمبوونەوەی بەرچاوی ئاستی ئاوی رووباری فورات لەماوەی رابردوودا، بووەتە هۆی پەکخستنی کاری بەشێک لە کۆمەڵە کشتوکاڵییەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەستەکە دەستیکردووە بە دابڕانی سەرجەم کەناڵەکانی ئاودێری، بۆ ئەوەی دڵنیابنەوە لە گەشتنی ئاو بە بزوێنەرەکان کە بە ئاو رادەکێشن بۆ رووبارەکە.
ئەلسالم پێی وابوو کە ئەم رێوشوێنانە چارەسەرێکی کاتین لەبەر دابەزینی بەردەوامی ئاستی ئاوی رووباری فورات.
بەهۆی دابەزینی بەرچاوی ئاستی رووباری فورات، جووتیارانی گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور ترسیان لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان هەیە، چونکە زۆربەیان پشت بە کشتوکاڵ دەبەستن وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی داهات.