گەڕانەوەی نزیکەی 54 هەزار هاوڵاتی سوریا لە ناوچە زیانلێکەوتووەکانی بومەلەرزەکەی تورکیاوە

ئیدلیب – نۆرس پرێس

ژمارەی گەڕانەوەی هاوڵاتیانی سوریا بۆ ناوچەکانی باکووری رۆژئاوای وڵاتەکە لە تورکیاوە، نزیکەی مانگێک دوای راگەیاندنی مۆڵەت، گەیشتە نزیکەی 54 هەزار کەس، کە لە رێگەی چوار دەروازەوە هاتنەوە بۆ سوریا، دوای ئەو بوومەلەرزەیەی لە 6ی شوباتی رابردوودا باشووری تورکیا و باکوری سوریای گرتەوە.

کاربەدەستانی دەروازەی سنووریی باب ئەلهەوا لەگەڵ تورکیا، لە باکوری ئیدلب، رایانگەیاند، ژمارەی ئەو سوریانەی لە ناوچە زیانلێکەوتووەکانی تورکیاوە، لە رێگەی باب ئەلهاوە گەیشتوونەتە باکووری رۆژئاوای سوریا، گەیشتووەتە 17 هەزار و 993 کەس، کە لە رۆژی بیست و حەوتەمدا، 232 کەس لە رێگەی پێدانی مۆڵەتەوە بە هاوڵاتیانی سوری دانیشتووی تورکیا، کە کارتی مانەوەی کاتییان هەیە لەو وڵاتە، گەڕانەوە.

لەکاتێکدا ژمارەی ئەو کەسانەی لە رێگەی دەروازەی باب ئەلسەلامە، لە باکووری شاری حەڵەبەوە گەیشتوونەتەوە 11 هەزار و 842 کەسن، تا ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، هاوکات ژمارەی گەیشتنیان بۆ دەروازەی جەرابلوس لە باکووری رۆژهەڵاتی حەڵەب گەیشتووەتە 14 هەزار و 500 کەس، بەپێی ئەو ئامارانەی بەڕێوبەرایەتی دەروازەکان بڵاویانکردووەتەوە لەسەر هەژمارە فەرمییەکانیان.

دەروازەی گرێ سپی لە باکوری شاری رەققە رایگەیاند کە لە ماوەی 29 رۆژدا 7 هەزار و 907 کەس چوونەتە ناو خاکی سوریاوە.

تەنیا ئەو سوریانەی نیشتەجێی شاری غازی عەنتاب، کیلیس، مەرەش، هاتای، عوسمانی، ئادیامان، ئورفا، دیاربەکر، مەلاتیا، ئەدەنە، ئێلازیگ، هەڵگری “کارتی پاراستنی کاتی”ن لە ویلایەتە زیانلێکەوتووەکان و رێگەیان پێدەدرێت بگەڕێنەوە بە سەردان بۆ سوریا.

ماوەی مۆڵەتەکە بەلایەنی کەمەوە سێ مانگە و زۆرترینی شەش مانگە، لە هەمان کاتدا هاوڵاتیانی گەڕاوە ترسیان هەیە کە دەسەڵاتدارانی تورکیا پاش تەواوبوونی مۆڵەتەکەیان، رێگەیان پێنەدەن بگەڕێنەوە تورکیا.

ئامادەکردنی: موئەیەد ئەلشێخ – داڕشتنەوەی: فنسە تەمۆ