ماڵپه‌ڕێكی ئیسڕائیلی: ئێران تۆڕێکی ڕادار لە سوریا دادەنێت بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان ته‌لئه‌بیب

دیمەشق – نۆرس پرێس

ماڵپەڕی “واڵا”ی عیبری لە زاری کاربەدەستانی دەزگای ئاسایشی ئیسرائیل، ڕایانگەیاند، ئێران کار لەسەر دامەزراندنی سیستەمی هۆشداری لە سوریا دەکات بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشێکی بەرفراوانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە.

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەش کرد، ئێران بەنیازن تۆڕێکی ڕادار لەسەر خاکی سوریا دابمه‌زرێنێت بۆ هۆشداریدان لە هێرشه‌كانی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.

هەروەها ماڵپه‌ڕه‌كه‌ لە زاری ئەو سەرچاوانەوە بڵاویکردەوە، ئێران کار لەسەر قاچاخی پاتری مووشەکی ئاسمانی دەکات بۆ پێکهێنانی سیسته‌مێك له‌به‌رامبه‌ر هێرشی ئیسرائیل.

بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، ئێرانییەکان گەیشتوونەتە ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه‌ پێشوتر قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی سوپای قودس،ئاماژه‌ی پێكردبوو بۆ دامەزراندنی بنکەی سەربازی و چڕکردنەوەی هێزەکان لەسەر خاکی سوریا، كه‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ی (..) ده‌بێت، کە ئەمەش وایکرد ئێران ڕێوشوێن بگرێتەبەر، لەوانەش هەوڵدان بۆ کۆکردنەوەی زانیارییه‌ سەرەتاییه‌كان لەسەر هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکە.

بەگوێرەی ماڵپەڕە ئیسرائیلییەکە، هەوڵی دزه‌پێكردنی ئه‌و ئامێرانه‌ بۆ ناوچە جۆربەجۆرەکانی سوریا، لوبنان و شوێنەکانی دیکە دەدرێت.

سەرچاوە ئەمنییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، بەشار ئەسەد، سه‌رۆكی سووریا ساڵی ڕابردوو هەنگاوەکانی ئێرانییەکانی سنووردار کرد لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ نۆژەنکردنەوەی بەشەکانی دیکەی سووریا، بەڵام لە چوارچێوەی هاوپەیمانی ستراتیژیدا، ڕێگەی پێداون چەکی پێشکەوتوو بە قاچاخ ببەن.

ئامادەکردن و داڕشتنه‌وه‌ی: هۆزان زوبێر