فڕۆکەیەکی سڕبیا هەڵگری هاوکاری مرۆیی گەشتە فڕۆکەخانەی دیمەشق

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوێنێ دووشەممە، فڕۆکەیەکی سڕبیا کە یارمەتی فریاگوزاری بۆ زیانلێکەوتوانی بوومەلەرزەکەی سوریاو هێنابوو، گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق.

رادۆڤان ستۆجانۆڤیچ باڵیۆزی سڕبیا لە سوریا لە راگەیەندراوێکدا کە ئاژانسی هەواڵی “سانا”ی سەر بە دەوڵەتی سوریا بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە، “فڕۆکەکە 105 تۆن پێداویستی خۆراک و پزیشکی هەڵگرتبوو، لەنێویاندا ئامێری لێدانی دڵ و تیشکی ئێکس و ئامێری پزیشکی دیکەی تێدابوو “.

“ئەم پێداویستیانەش بەشی نەخۆشخانەیەکی گەڕۆک دەکەن بۆ یارمەتیدان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پزیشکی بۆ خەڵکی ئەو شوێنانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.”

ستۆجانۆڤیچ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم هاوکارییە لەلایەن حکومەت و گەلی سربیاوە پێشکەش دەکرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، هاوکاری زیاتر بۆ پاڵپشتیکردنی سوریا لە رووبەڕووبوونەوەی کاردانەوەکانی بوومەلەرزەکە پێشکەش دەکرێت.

هەر لەو چوارچێوەیەشدا دوو فڕۆکەی ئیماراتی گەیشتنە فڕۆکەخانەکانی دیمەشق و لازقییە، کە خواردن و هاوکاری فریاگوزارییان بۆ زیانلێکەوتوانی بوومەلەرزەکە هەڵگرتبوو لە سوریا.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: سەعد یازچی