دوای کوشتنی گەنجێک لە لایەن جەندرمەی تورکیاوە.. لە عەفرین داوای خۆپیشاندانێکی ناڕەزایی دەکرێت
عەفرین – نۆرس پرێس
ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، چالاکوانانی شاری عەفرین، بۆ سەرکۆنەکردنی کوشتن و ئەشکەنجەدانی ئەو هاوڵاتییانەی سوریا کە هەوڵی پەڕینەوە بۆ ناو خاکی تورکیا دەدەن، داوای رێکخستنی رێپێوانێکی ناڕەزایەتییان کرد لەژێر ناونیشانی “پێشێلکارییەکانی جەندرمە راگرن”.
سەرچاوەیەکی تایبەت بە نۆرس پرێسی راگەیاند، ئەو داواکارییە دوای کوژرانی گەنجێکی سوری و برینداربوونی 7 کەسی دیکە هات، کە دوێنێ یەکشەممە، لەسەر دەستی جەندرمەی تورکیا، لەکاتێکدا هەوڵی پەڕینەوەیان دەدا بۆ ناو خاکی تورکیا لە باکووری ئیدلب، رووداوکە رویدا و لەوێوە گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی باب ئەلهەوا و تەرمی گەنجەکە رادەستی خێزانەکەی کرایەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، خۆپیشاندانەکە ئەمڕۆ لە بەردەم فولکەی نەورۆز دەبێت لە ناوەندی عەفرین، تێیدا داوا دەکرێت لێپرسینەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو تاوانانە بکرێت، کە لەلایەن پاسەوانی سنووری تورکیاوە بەرامبەر سوریاییەکان ئەنجامدراون.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانیەکان، دەسەڵاتدارانی تورکیا بەردەوامن لە بەئامانجگرتن و کوشتنی ئەو هاوڵاتییانەی سوریا کە بە شێوەیەکی نایاسایی دەچنە ناو خاکەکانیانەوە، ئەویش لە رێگەی نیشانشکێنە یان بە ئەشکەنجەدانی بەردەوام.
لە ناوەڕاستی مانگی شوباتدا، گەنجێک گیانیلەدەستدا لەکاتێکدا لە گوندەواری باکوری حەڵەب، لە نزیک سنووری تورکیا و سوریا، لە کاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە بۆ ناو خاکی تورکیا، لەلایەن جەندرمەی تورکیاوە تەقەی لێکرا.
ئەو هاوڵاتیانەی سوریا کە هەوڵی چوونە ناو خاکی تورکیا دەدەن، لەلایەن جەندرمەی تورکیاوە بە گولەی زیندوو هێرشیان دەکرێتە سەر.، بەشی چاودێری و بەڵگەنامەی نۆرس پرێس لە سەرەتای ئەمساڵەوە، کوژرانی 16 کەس و برینداربوونی 46 کەسی تۆمارکردووە و منداڵێک و 3 ژنیان تێدایە، کە هەوڵی چوونە ناو خاکی تورکیایان داوە.