ئه‌مه‌ریكا ته‌ئكید ده‌كاته‌وه‌ له‌ راگرتنی ئۆپراسیۆنه‌كانی توركیا له‌ رۆژئاوای كوردستان

سلێمانی- نۆرس پرێس

به‌پێی ئه‌وه‌ی‌ گۆڤاری “نیوزویكى” ئەمەریک” بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، هێرشه‌كانی توركیا له‌ سوریاو عێراق ئه‌مه‌ریكای نیگه‌رانكردوه‌ به‌وپێیه‌ی‌ ئه‌و وڵاته‌ له‌ هاوپه‌یمانی‌ ناتۆ هاوبه‌شی واشنتنه‌.

سه‌عات (01:50)ی خوله‌كی چوارشه‌ممه‌ 20ی ته‌مموز، له‌كاتێكدا گه‌شتیاران كه‌ له‌ ناوه‌ڕاست و باشوری عێراقه‌وه‌ رویان له‌ ناوچه‌كه‌ كردبو، توركیا چوار موشه‌كی ئاراسته‌ی ناوچه‌ی گه‌شتیاری گوندی “پەرخێ” له‌ ناحیه‌ی ده‌ركاری سه‌ر به‌ قه‌زای زاخۆ له‌ پارێزگای دهۆك كردو نۆ هاوڵاتی گیانیان لە دەستداو 22ی تریش برینداربون.

له‌ راپۆرتێكی ئه‌و گۆڤاره‌دا هاتوه‌، ئه‌مه‌ریكا ده‌ستنیشانی ئه‌و هێرشه‌ی نه‌كرد، به‌ڵام پشتیوانی خۆی بۆ سه‌روه‌ری عێراق ده‌ربڕی و نیگه‌رانی خۆی نیشاندا له‌ رێڕه‌وی روداوه‌كان.

ئه‌وه‌شی نوسیوه‌، ئۆپراسیۆنه‌كانی توركیا سه‌رچاوه‌ی‌ پشێوییه‌كانی نێوان ئه‌نكه‌ره‌و به‌غدایه‌و له‌ سوریاش له‌و شوێنه‌ی‌ كورد به‌ڕێوه‌به‌ری خۆسه‌ری تێدا دروستكردوه‌، توركیا ئۆپراسیۆنێكی به‌رفراوان به‌ڕێوه‌ده‌بات.

لەسەرەتای مانگی ئایارەوە تورکیا هەڕەشەى ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازی دەکات لە ناوچەکانى منبج و تەلڕەفعەت لە حەڵەب کە بە دەست هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە)وەیە.

نید برایس، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا بۆ گۆڤاره‌كه‌ سه‌باره‌ت به‌ هێرشه‌كانی توركیا له‌ رۆژئاوای كوردستان وتویه‌تی، “بۆ ئێمه‌ گرنگه‌ پارێزگاری له‌ هێڵه‌كانی ئاگربڕ بكه‌ین، هه‌ر ئۆپراسیۆنێكی نوێی توركیاش ده‌بێته‌ هۆی ئاسته‌نگ دروستكردن له‌به‌رده‌م ئه‌و پێشڕه‌وییه‌ گه‌وره‌یه‌ی‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ داعشدا كردویه‌تی.”

به‌ وته‌ی‌ برایس، ئیداره‌ی‌ جۆبایدن، ته‌ئكید له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، “توركیا پێویستی به‌وه‌یه‌ ئۆپراسیۆنه‌كانی له‌ باكوری سوریا (رۆژئاوای كوردستان) بوه‌ستێنێت.”

گۆڤاره‌كه‌ ئه‌وه‌ی خستوه‌ته‌ڕو، “ئۆپراسیۆنه‌كانی توركیا به‌رده‌وامی هه‌یه‌ له‌ رۆژئاوای كوردستان و به‌ دیاریكراویش رۆژێك پاش دیداری مایكڵ كۆرێلا، فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ مه‌زڵوم عه‌بدی، توركیا دو شه‌ڕڤانی هێزه‌كانی سوریای دیموكراتی له‌ نزیك كوبانێ به‌ ئامانج گرت.”